گەورەترین پێشانگەی پێداویستییەکانی نێو ماڵ لە بەرلین کراوەتەوە

04-09-2023
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
پێشانگەی IFA لە بەرلین.
پێشانگەی IFA لە بەرلین.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پێشانگەی ئای ئێف ئەی لە بەرلین کە گەورەترین پێشانگەی پێداویستییەکانی نێو ماڵە لە جیهاندا کراوەتەوە. کۆمپانیا داهێنەرەکانی ئەو ئامێرانەی کە مرۆڤ لە سەدەی 21 دا رۆژانە بەکاریدەهێنن، دوایین بەرهەمەکانیان پێشاندەدەن. 
 
یەكێک لە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان ماوەی 124 ساڵە کار لە بواری کەرەستەی ئەلیکترۆنیی نێوماڵدا دەکات و ناوێکی جیهانیشی بۆ خۆی دروست کردووە. بۆ ئەمساڵ، ئامێری Aerium نمایشدەکات؛ ئامێرەکە وەکو سارکەرەوەیەکە کە بەشێوەیەکی ستوونی دادەنرێت و دەتوانێت جلوبەرگ و پێڵاو لە بۆن، بەکتریا و ڤایرۆس پاکبکاتەوە. بڕیارە ئامێرەکە لە ساڵی 2024 دا بە بەهای چوار هەزار یۆرۆ بەردەست بێت. 
 
کرستینا ماکنبێرگ، بەرێوەبەری پرۆژەی Aerium لە کۆمپانیای Miele دەڵێت، "Aeriumی نوێ بۆ پاککردنەوە و وشکردنەوەی جلوبەرگە گرنگەکانتە کە ناتەوێت بیانخەیتە نێو جلشۆر و وشککەرەوەوە. ئەوە زیادەیەکی تەواوەتییە بۆ جلشۆر و وشککەرەوەکان. با تەماشای ناوەوەی بکەین، دەتوانیت زۆر بە ئاسانی بیکەیتەوە و بە دەستلێدانێک دەرگاکە بکەیتەوە. تەنیا پێویستە دوو جار دەست لێبدەیت و بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەکرێتەوە." 
 
سیستمی سمارت هۆم یاخود پێکەوەبەستن و ئاسان بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی ماڵەوە، مژارێکی گەرمی نێو ئەو پێشانگەیەی بەرلینە و گەورە کۆمپانیایەکی چینی باسی دوایین بەرهەمی خۆی بۆ رووداو دەکات. 
 
ما شیاولونگ، نوێنەری سمارت هۆم لە کۆمپانیای میدێی دەڵێت، "یەکەمیان هەوای زیرەکە. ئێمە چارەسەرمان بۆ هەوا هەیە کە بەشێکی بەرهەمەکانی خۆکارن؛ لەوانە، سپلێت، پانکە، شێدارکەرەوە و وشککەرەوە. ئانجمان دەکرێت کوالێتیی هەوا و مەودا بێت و کاتێک چەند کیلۆمەتر لە دووریت، پلەی گەرمی لە چ ئاستێکدایە و بتوانیت رێکیبخەیتەوە. ئەگەر پلەی گەرمی گۆڕا، دەتوانیت سپلیت و پانکەکان دابگیرسێنیت. دووەمیان چێشتلێنانی زیرەکە. ئێمە ساردکەرەوەیەکمان هەیە، کامێرایەکی تێدایە، کاتێک شتێکی تێدەکەیت، دەتوانیت لە دەرەوە بیانبینیت و کامێراکە شتەکان دەناسێتەوە و دیاریدەکات کە پێکهاتەکەی چۆنە و رێنماییت پێدەدات." 
 
زیاتر لە 140 وڵات بەرهەمی ئۆتۆماتیکی، رۆبۆتیک، وزەی سەوز یاخود جێگرەوە، هاوتا لەگەڵ ژیریی دەستکرد نمایش دەکەن و نرخەکانیان تاوەکو رۆژی 5ـی ئەیلوول لە بازاڕدا نێوەڕۆکی گفتوگۆی سەردانیکار و شارەزایان دەبێت. 
 
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە