ئەمریکا دەیەوێت سنووری وشکانیی نێوان لوبنان و ئیسرائیل دیاری بکات
رووداو دیجیتاڵ
هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانن چاودێریی دۆخی ناوچە سنوورییە کێشە لەسەرەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەکات؛ ئەو هێزە کە بە یونیفاڵ ناسراوە، بۆ ساڵێکی دیکە ئەرکەکەیان درێژکرایەوە، تاوەکو پارێزگاری لە سەقامگیرییە ناسکەکەی ناوچەکە بکەن.
رۆژی 21-07-2023 لە شارۆچکەی کەفرشوبا دەسەڵاتدارانی لوبنانی دەستیان بە دروستکردنی شەقامێک کرد، وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر جێگیرکردنی دیواری کۆنکرێتی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.
ئەوکاتە قاسم قادری، سەرۆکی شارەوانیی کەفرشوبا رایگەیاند، "سێ رۆژ لەمەوپێش دووژمن [ئیسرائیل]، هەشت دیواری کۆنکرێتیی دانا، ئێمە نیگەرانین لەوەی دیوارەکە فراوانتر دەکەن، ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ لکاندنی ناوچەکە."
ناوچە سنوورییەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، کە بە هێڵی شین ناسراون و درێژییەکەی 100 کیلۆمەترە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2000وە کێشرا، ئەوکاتەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکانی باشووری لوبنان کشانەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 1967 لە دەستی سووریا دەرهێندران، کە بەشێک بوون لە بەرزاییەکانی جۆلان و لە ساڵی 1982یش ئیسرائیل بە خاکی خۆیەوە لکاندنی.
رۆژی 30ی ئاب شاندێکی باڵای ئەمریکا سەردانی بەیرووتی کرد بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی سنووریی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، لەدوای ئەوەی لە دوو مانگی رابردوودا، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانی لە ناوچەکە روویاندا.
ئەیمس هۆکستەین، راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "لە چەند رۆژی رابردوودا، لێرە بووم تاوەکو گوێم لە بۆچوونەکانی حکومەتی لوبنان بێت و خۆشم سەردانی ناوچەکانی باشوورم کرد و لە نزیکەوە ناوچەکانی سنووری هێڵی شینم بینی تاوەکو باشتر لە دۆخەکە تێبگەم. بێگومان ئەمریکا هەمیشە پشتگیری لە سیاسەتێک کردووە، کە رێگە بە سەقامگیری و ئاسایش دەدات."
لە 11ی تشرینی یەکەمی 2022 بە نێوەندگیریی ئەمریکا، لوبنان و ئیسرائیل لەسەر سنوورە ئاوییەکانی نێوانیان رێککەوتن. ئەو رێککەوتنە رێگەی بە لوبنان دا دەست بە وەبەرهێنانی گاز لەو ناوچەیە بکات، ئەمەش وەکو کارئاسانییەک بۆ لوبنان تاوەکو لەو قەیرانە ئابوورییە سەختەی، کە لە ساڵی 2019وە رووبەڕووی بووەتەوە، دەربازی ببێت.