تەنکترین مۆبایل لە جیهاندا نمایشکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

تەنکترین مۆبایل لە جیهاندا لە لەندەن نمایشکرا کە ناوی "ماجیک ڤی 2"ە. ئەو کۆمپانیایەش کە بەرهەمی هێناوە دەڵێت، تەنکترین مۆبایلی چەماوەی جیهانە و داهاتووی مۆبایلە گەڕۆکەکان لە مۆدێلە چەماوەکان دەبینن.
 
بۆند ژانگ، بەڕێوەبەری لقی لەندەنی کۆمپانیای ئۆنەری چینی، باسی بەرهەمە نوێیەکەیان دەکات و دەڵێت، "مۆبایلی ماجیک ڤی 2، تەنکترین تەلەفۆنی چەماوەیە لە جیهاندا؛ ئێمە لە کۆمپانیای ئۆنەر داهاتووی مۆبایلە گەڕۆکەکان لە مۆدێلە چەماوەکان دەبینین."
 
تەنکیی مۆبایلەکە 9.9 میلیمەترە، واتە کەمتر لە سانتیمەترێک؛ بە 25% تەنکترە لە سامسۆنگ گالاکسی 5.
 
بێن وود، شارەزای بازاڕی مۆبایل دەڵێت، "بازاڕی مۆبایلی چەماوە سەرنجڕاکێشە، ئێستا رکابەرییەکی قورس لەنێوان سامسۆنگ و کۆمپانیا چینییەکاندا هەیە، بەم مۆبایلە تەنکە چەماوەیە ئۆنەر بە راستی سەلماندی کە توانایەکی گەورەی هەیە."
 
هەرچەندە پشکی سامسۆنگ لەو 1.3 ملیار مۆبایلە زیرەکەی جیهان، نزیکەی 24%ە، بەڵام مۆبایلی ماجیک ڤی 2 تایبەتمەندیی زیاترە، تەنکترە و پێشکەوتووترە.
 
بێن وود ئاماژەی بەوەش کرد، "مۆبایلی ئۆنەر ڤی 2، پێوەرەکانی بەرهەمهێنانی مۆبایلە چەماوە تەنکەکانی بردە قۆناخێكی نوێوە. بۆیە ئێستا گەورە کۆمپانیاکانی مۆبایل لە کۆمپانیا چینییەکان نیگەرانن و بە رکابەرێكی سەرسەختی خۆیان لە بازاڕەکانی جیهان، دەیبینن."
 
بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، تەلەفۆنی ماجیک ڤی 2ی کۆمپانیای ئۆنەر لە ساڵی 2024 لە بازاڕەکانی جیهان بە نزیکەی 1200 دۆلار، نمایش دەکرێت.