ئەڵمانیا دەیەوێت سنوورێک بۆ بەرزبوونەوەی کرێی خانوو دیاری بکات

02-09-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی خانووبەرەی ئەڵمانیا، کێشەی نیشتەجێبوون بۆ دروستکردنی یەکەی نوێ دەگەڕێنێتەوە
یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی خانووبەرەی ئەڵمانیا، کێشەی نیشتەجێبوون بۆ دروستکردنی یەکەی نوێ دەگەڕێنێتەوە
A+ A-
 
رووداو - ئەڵمانیا

لە ئەڵمانیا سنوورێک بۆ بەرزبوونەوەی کرێی خانوو دیاریدەکرێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لەم چەند ساڵەی دواییدا کرێی خانوو و پارەی ئاو و کارەبا و خاشاک زیادیان کردووە.
 
سدیق هاووڵاتییەکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە و ماوەی هەشت ساڵە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، لە تەمەنی 67 ساڵیدا خانەنشین بووە و دەڵێت، پێشتر مووچەی خانەنشینییەکەی بەشی تەواوی پێداویستییەکانی دەکرد، بەڵام ئێستا هەم نرخی خزمەتگوزارییەکان بەرز بوونەتەوە و هەم کرێی خانوو بەراورد بە پێشتر 200 یۆرۆی چووەتەسەر.
 
سدیق شەرنەخی، خانەنشین دەڵێت، "سێ بۆ چوار ساڵ پێش ئێستا ئەو پارەیە بەشی ئێمەی دەکرد، بەڵام ئێستا خانوو گران بووە، بەڕاستی نرخی خزمەتگوزارییش بەزبووەتەوە. پێشتر 500 یۆرۆ کرێمان دەدا، دواتر بوو بە 550 یۆرۆ و ئێستاش بووە بە 600 یۆرۆ. هەروەها نرخی خزمەتگوزاری پێشتر بە دەوروبەری 200 یۆرۆ بوو، ئێستا بووە بە دەوروبەری 400 یۆرۆ." بۆ بنەماڵەیەکی گەورەی وەکو سدیق، جیا لە گرانیی کرێ، بچووکیی شوێنەکانیش کێشەیەکی بەرچاون.
 
جگە لە هەڵاوسان، ئەو شەپۆلە ئۆکراینییەی بەهۆی شەڕەوە ئاوارەی ئەڵمانیا بوون، کێشەی شوێنی نیشتەجێبوونی زیاتر کردووە. ئاسانکاریی حکومەتیش وایکردووە لە ماوەی سێ ساڵدا کرێی خانوو لە ئەڵمانیا 20% زیاد بووە. سۆسیال دیموکراتەکان داوای سنووردارکردنی بەرزکردنەوەی نرخی کرێی شوقە دەکەن.
 
زاندا مارتینس، ئەندام پەرلەمانی فیدرال سەر بە  پارتی سۆسیال دیموکراتەکان دەڵێت، "ئەمە ئەو خاڵەیە کە ئێمە وەکو سیاسەتمەدار و ئێمەش وەکو سۆسیال دیموکرات دەیڵێین، پێویستە چیدی رێگە نەدرێت زیادکردنی کرێی خانوو بۆ بازاڕی ئازاد جێبهێڵدرێت و نابێت بێکارانە لە تەنیشتەوە بووەستین و هیوای ئەوە بخوازین کە شتەکان لە قۆناخێکدا ئاسایی ببنەوە، دەبێت لەڕووی سیاسییەوە دەستوەردان بکەین و لەسەر هەندێک رێسا رێکبکەوین کە دڵنیایی دەدەن لەوەی کرێی خانووەکان ئەوەندە بەرزبنەوە تاوەکو کەس نەتوانێت کرێ بدات، بەڵکو دەبێت هەموو ماڵ و خێزانێک توانای دانی کرێکەی هەبێت."
 
یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی خانووبەرەی ئەڵمانیا، لە وەڵامی پرسیارەکانی رووداو لەڕێگەی ئیمەیلەوە، چارەسەری کێشەی نیشتەجێبوونی بۆ دروستکردنی یەکەی نوێ گەڕاندەوە.
 
کۆمپانیای ڤۆنۆڤیا، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی خانووبەرە لە ئەڵمانیا دەڵێت، "تووندکردنەوەی زیاتری یاسای کرێ رێگەیەکی دروست نییە و یەک شوقەی نوێ دروست ناکات. بێگومان ئێمە لەگەڵ بازاڕێکی رێکخراوی کرێداین، بەڵام زیادەڕۆیی لە رێکخستن بازاڕەکان لەناو دەبات. وەبەرهێنانەکان خاو دەکاتەوە. مەرج نییە سنووردارکردنی نرخی کرێ هەموو کەسێک بپارێزێت. شانە بەهێزەکان دەتوانن زیاتر هەڵبگرن و بەم شێوەیە ئێمە بوار بۆ وەبەرهێنانەکان دروست دەکەین و دروستکردنی خانووبەرەی نوێ دووبارە دەستپێدەکەینەوە."
 
پارتی سۆسیال دیموکراتەکان داوادەکەن پارتی سەوزەکان و لیبراڵەکان پڕۆژەیاسای سنووردارکردنی بەرزکردنەوەی نرخی شوقە پەسند بکەن.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی نیشتەجێبوون و گەشەپێدانی شار، 50.5%ی دانیشتووانی ئەڵمانیا کرێچین، بەڵام تەنیا نزیکەی 43 ملیۆن و 300 هەزار شوقە لە ئەڵمانیا هەن. پلانی ئەم کابینەیە ئەوە بوو کە ساڵانە 400 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروستبکەن، بەڵام ساڵی رابردوو  تەنیا 295 هەزاری تەواو بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.