تیمێکی 14 کەسیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە وێستگەی زاپۆریژیان جێگیردەکرێن


رووداو - هەولێر

لە دەستپێکی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و کۆنترۆڵکردنی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا لە لایەن رووسیاوە، شەڕ و پێکدادان لە نزیک وێستگەکە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ترساندووە کە رەنگە لە ئەنجامی ئەو شەڕە زیان بە وێستگەکە بکەوێت و کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لێبکەێتەوە، بۆیە کارمەندانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئەتۆم، وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیایان لە باشووری ئۆکراینا پشکنی. 
 
بەمەبەستنی پاراستنی، تیمێکی 14 کەسیی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە وێستگەکە دەمێننەوە. رافایل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی گوتی: "ئێمە کۆتاییمان بە سەردانەکەمان بۆ وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا هێنا و قۆناخی یەکەمی پشکنینەکانمان تەواو بوو. سەردانی کۆگە و پێکهاتە گرنگەکانی وێستگەکەمان کرد، بێگومان کاری زۆر ماوە بیکەین، لەوەش گرنگتر ئەوەیە تیمەکەمان لە وێستگەکە دەمێننەوە و تیمێکمان لەنێو وێستگەکە جێگیر دەکرێن".
 
لە دەستپێکی جەنگەوە، چەندینجار هێرشکراوەتە سەر ناوچەکانی نزیک لە وێستگەکە و رووسیا و ئۆکرایناش یەکدییان بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار کردووە.
 
لە ئۆکراینا پێنج وێستگەی ئەتۆمی هەن و چواریان چالاکن، هەموویان لە ژێر کۆنترۆڵی ئۆکراینادان، بەڵام یەکێکیان لەژێر کۆنترۆڵی رووسیایە و ئەویش وێستگەی زاپۆریژیایە کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمییە لە ئەوروپا.
 
بەگوێرەی شارەزایان، لە ئەگەری تەقینەوە یان زیانگەیشتن بە وێستگەی زاپۆریژیا، ترس هەیە خاکی ئۆکراینا و وڵاتانی دراوسێی لەوانە رووسیا، رۆمانیا، بولگاریا و تورکیا ژەهراویی بێت. هەروەها ترسیش هەیە هەوای ناوچەکە ژەهراوی بێت و هەوا پیسەکەش بگاتە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و چەندین نەخۆشیی کوشندەی وەکو شێرپەنجە بڵاوبکاتەوە. 
 
هەروەها بەگوێرەی شارەزایان، لەگەڵ ئەوەشدا ترس هەیە رووباری گەورەی ئۆکراینا دنیپرۆ و ئاوی بەنداوی کاکۆڤکا لە باشووری ئەو وڵاتەش ژەهراوی بکات، بەمەش مەترسی لەسەر گیانی دانیشتووانی ناوچەکە دروست دەکات و زیان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەگەیێنێت.
 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پەرۆشە بۆ دەربازکردنی جیهان لەو مەترسییە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش چاوی لە رووسیایە تیمەکانیان بپارێزن.
 
ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت: "خۆشحاڵبووین کە رووسیا ئەوەی پێویست بوو کردی بۆ پاراستنی پشکنەرانمان. پاسەوانەکان و شۆفێرانمان ئەرکێکی مەزنیان جێبەجێکرد بۆ گەیاندنی پشکنەرانی ئاژانسەکە بۆ شوێنی مەبەست و تیمەکەمان هاوکاریی پشکنەرەکان دەکەن هەتا ئەرکەکانیان کۆتایی دێت و هەر وەکو هەموو ئەرکێکی یوئێنیش، ئەوە بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتدارانی ناوچەکەیە پارێزگاری لە ستافی یوئێن بکات".
 
وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا کە لە ساڵی 1980 دروستکرا، بە کۆڵەکەیەکی گرنگی دابینکردنی وزەی ئۆکراینا ناسراوە و نزیکەی 50٪ـی کارەبای ئۆکراینا بەرهەم دەهێنێت و ئێستاش پشکنەرەکان لەو وێستگەیەن بۆ رەواندنەوەی ترسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە روودانی هەر کارەساتێکی مرۆیی.