ڤیدیۆی زللـەی ئەفسەرێکی نیویۆرک لە ژنێکی رەشپێست کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت کە ئەفسەرێکی پۆلیسی شاری نیویۆرک زللـەیەک لە رووخساری ژنێکی رەشپێست دەدات و ژنەکە پشتاوپشت بەر زەوی دەکەوێت؛ ڤیدیۆکە لە ئەمریکا ناڕەزایی لێکەوتەوە. 
 
رووداوەکە رۆژی سێشەممە 30-8-2022 لە کاتێکدا روویدا کە پۆلیس خەریکی دەستگیرکردنی هاووڵاتییەک بەناوی ئێلڤین جەیمسی تەمەن 22 ساڵ بوو لە شەقامی 136ی رۆژئاوای نیویۆرک لە دەوروبەری کاژێر 5ی ئێوارە.
 
فەرمانگەی پۆلیسی نیویۆرک دەڵێت، لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا "چەند کەسێک" لە شوێنی رووداوەکە "هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک پۆلیس"؛ هەروەها رایگەیاند کە سەری ئەفسەرێک بە سووکی برینداربووە.
 
ڤیدیۆکە لە سەکۆ ئۆنڵاینەکاندا بە فراوانی بڵاوبووەتەوە. 
 
کیچانت سیوێڵ، ئەفسەری پۆلیس گرتەیەکی لە شەڕەکە بڵاوکردەوە کە لەو کامێرایەوە گیراوە کە بە جلەکانییەوە بووە.
 
لە ڤیدیۆکەدا چەند ئەفسەر و تەماشاکەرێک لە شوێنی رووداوەکە لەبەردەم ماڵێکدا دەردەکەون. ژنێکی گەنج بە راکردن دەچێتە لای ئەفسەرێک و وا دەردەکەوێت کە پاڵ بە ئەفسەرەکەوە دەنێت؛ ئەفسەرەکەش دەستبەجێ وەڵامی دەداتەوە و زللـەیەک لە رووخساری دەدات و دەیخاتە سەر زەوی. دەنگی زللـەکە بە روونی دەبیسترێت. لە دواوەش دەنگی خەڵک دەبیسترێت کە دوای لێدانەکە هاوار دەکەن. کەسێک هاوار دەکات: "بۆچی وا دەکەیت؟ ئەوە کچێکی بچووکە."
 
پۆلیسی نیویۆرک دەڵێت، ئەو ژنە ناوی تامانی کرامە و تەمەنی 19 ساڵە و خەڵکی شاری برۆنکسە، بە ئەنجامدانی مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ ئەفسەری پۆلیس و رێگەگرتن لە دەستگیرکردنی و رێگریکردن لە کاری حکومەت تۆمەتبارە.
 
لە راگەیێندراوێکدا سیوێڵ گوتی، رووداوەکە و ئەو ئەفسەرەی کە هێزی بەکارهێناوە "پێداچوونەوەی بەردەوام"یان لە لایەن نووسینگەی کاروباری ناوخۆوە بۆ دەکرێت.
 
سیوێڵ گوتیشی، کرام ناسیاوێکی جەیمس بووە و دوای ئەوەی ژنەکە لە یەکێک لە ئەفسەرەکانی دا، "ئەفسەرەکەش بەرپەرچی داوەتەوە و بە دەستێکی کراوە لە ژنەکەی داوە."