بەشێک لە بە تەمەنەکانی هیندستان لەسەر شەقامەکان فڕێدەدرێن
رووداو دیجیتاڵ
لە شەقامەکانی شاری نیودلهیی پایتەختی هیندستان. ئامبوڵانسەکان بەدوای ئەو بەتەمەنانەدا دەگەڕێن کە لە شەقام و کۆڵانەکاندا فڕێدراون.
سوواربا بهاگەت، چالاکڤانە و دەڵێت، "پێموابێت خەڵکێکی زۆر شۆک دەبێت بەوەی بزانن ئێستا لە هیندستان، بێلانەکردنی کەسانی پیر لە لووتکەدایە، بەڵام کاتێک دەبینی ژمارەی دانیشتووان گەیشتووەتە 1.6 ملیار کەس، لە هەندێ شوێن رووبەڕووی قەیرانی نیشتەجێبوون بووینەتەوە، دەرفەتی کەمتر بۆ جێگەکردنەوەی پیرەکان هەیە."
خەڵکی هیندستان بەوە بەنێوبانگن کە رێز لە پیرەکانیان دەگرن، بەڵام بەهۆی زۆربوونی ژمارەی پیرەکان لەو وڵاتە ئێستا زۆریان لەسەر شەقام و کۆڵانەکان رۆژ دەکەنەوە و پشتگوێخراون.
قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاریی بۆ سەروو 24٪ لە کۆمەڵگەی هیندستان، هاوکات کەمیی لەخۆگرتنی سەنتەرەکانی بەساڵاچووان وایکردووە بە تەمەنەکان لە کۆمەڵگە پەراوێز بخرێن.
شاشیکانت شارما، بێلانەیە و لەسەر شەقامەکان دەمێنێتەوە، دەڵێت: "هەتا ئەگەر خەڵک پارەشی نەبێت، لە رابردوو خۆشەویستی هەبوو، بەڵام لەم سەردەمەدا هەموو شتەکان گۆڕدراون."
بە گوێرەی حکومەتی هیندستان، زیاتر لە 100 ملیۆن کەس تەمەنیان لە سەروو 60 ساڵییەوەیە کە دەکاتە نزیکەی 9٪ ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە. پێشبینیی دەکرێت لە ساڵی 2036 ئەو رێژەیە بگاتە 15٪.