ترەمپ بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی 2020 تۆمەتبار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا چوار تۆمەتی نوێی ئاراستەکرا کە دووان لەوان هەوڵدانە بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2020.
رۆژی سێشەممە، 1ی ئابی 2023، جاک سمت، دادوەری تایبەتی کەیسی تۆمەتەکانی دژی ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە واشنتن بە فەرمی تۆمەتەکانی ئاراستەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کرد و دووان لە تۆمەتەکانیش هەوڵدانە بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و دەڵێت، ترەمپ هەوڵیداوە "رێگری" لەبەردەم پرۆسە دیموکراسییەکەی ئەمریکا دروستبکات تاوەکو لە دەسەڵات بمێنێتەوە.
تۆمەتەکانی دیکە بریتین لە بەلاڕێدابردن، دەستوەردان و رێگریکردن لەبەردەم هەڵبژاردن و بەشێکی ئەوانیش پەیوەندییان بە هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسەوە لە 6ی کانوونی دووەمی 2021 هەیە.
لەو بارەیەوە جاک سمت رایگەیاند، "هێرشەکانی سەر کۆنگرێس لە 6ی کانوونی دووەمی 2021، هێرشی بێهاوتا بوون بۆ سەر دیموکراسییەتی ئەمریکا".
ئەمە سێیەم پاکیجی تۆمەتە ئاراستەی ترەمپی تەمەن 77 ساڵ دەکرێت لە مانگی ئاداری رابردووەوە کە یەکەم تۆمەتیان تایبەت بوو بە شاردنەوەی ژمارەیەک بەڵگەنامەی نهێنیی حکومەتی ئەمریکا لە ڤێلاکەی لە ویلایەتی فلۆریدا.
تۆمەتە نوێیەکان لە 45 لاپەڕە باسکراون و ئەگەریش لە دادگە لەسەری ساخ ببنەوە، سزاکەیان زیندانیکردنە بۆ نزیکەی 20 ساڵ. بەگوێرەی ئەو تۆمەتانە، داوا لە ترەمپ کراوە رۆژی پێنجشەممە، 3ی ئاب لە دادگەیەکی شاری واشنتن ئامادە بێت تاوەکو تۆمەتەکانی بە فەرمی ئاراستە بکرێت و دادوەر بۆی بخوێنێتەوە.
ترەمپ کە بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024ی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لە دوای ئاراستەکردنی تۆمەتە نوێیەکان، رایگەیاند، ئەو هەوڵە جۆرێکە لە دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردن.
ترەمپ لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی، "ئەو تۆمەتانە هاوشێوەی دادگەی نازییەکانی ئەڵمانیایە لە ساڵانی 1930یەکان، یان یەکێتیی سۆڤیەتی جاران یان رژێمە دیکتاتۆر و داپڵۆسێنەرەکانی دیکە".