سەرۆکوەزیرانی توونس لە پۆستەکەی دوورخرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی توونس لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری دوورخستنەوەی بکرێت. سەرۆکوەزیرانی نوێش دەستنیشانکرا.
 
رۆژی سێشەممە، قەیس سەعید، سەرۆکی توونس بڕیاری دوورخستنەوەی نەجلە بۆودین، سەرۆکوەزیرانی توونسی لە پۆستەکەی دەرکرد کە یەکەم ژن بوو لە مێژووی توونس سەرکردایەتیی حکومەت بکات. 
 
راستەوخۆ دوای بڕیارەکەی، سەرۆکی توونس ئەحمەد حەشانی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێ دەستنیشانکرد. حەشانی لەبەردەم سەرۆکی توونسدا سوێندی یاسایی خوارد. 
 
سەرۆکی توونس هیچ هۆکارێکی نەخستبووەڕوو بۆ دوورخستنەوەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، بەڵام بەپێی هەواڵی ژمارەیەک لە میدیا خۆجێییەکانی توونس، قەیس سەعید بەهۆی کۆمەڵێک کەموکوڕی لە نەجلە بۆودین نیگەران بووە لەوانە کەمیی نان و داخرانی نانەواخانەکان. 
 
رۆژی 11ـی تشرینی یەکەمی 2021، نەجلە بۆودین وەکو سەرۆکوەزیرانی توونس لەلایەن سەرۆکی وڵاتەوە دەستنیشانکرا، ئەوەش دوای ئەوەی هشام مشيشی رۆژی 25ـی تەممووزی هەمان ساڵ لە پۆستەکەی دوورخرابوووەوە. 
 
ئەوە یەکەمجار نییە سەرۆکی توونس بەو شێوەیە بەرپرسان لە پۆستەکانیان دووردەخاتەوە، رۆژی 7ی شوباتی 2023، سەرۆکی وڵات عوسمان جرەندی، وەزیری پێشووی دەرەوەی توونسی لە پۆستەکەی دوورخستەوە بەبێ ئاماژەدان بەهۆکاری دوورخستنەوەکەی و نەبیل عەممار، باڵیۆزی پێشووی توونسی لە یەکێتیی ئەوروپا و بەلجیکا، لە شوێنەکەی دانا. 
 
توونس دووچاری دۆخێکی ناهەمواری سیاسی و ئابووری بووەتەوە. بە گوێرەی دوایین راپۆرتی حکومەت، رێژەی قەرزی سەر توونس تاوەکو مانگی ئاداری 2023 گەیشتبووە 37.7 ملیار دۆلار کە ئەوەش 80٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت. هاوکات بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و گەیشتنی رێژەی بێکاری بە 15٪ دوو هۆکاری دیکەی ناسەقامگیربوونی دۆخی وڵاتەکەن.
 
ئەحمەد حەشانی لە زانکۆی توونس بەشی یاسای خوێندووە و پاشان بووەتە کارمەندی بانکی ناوەندیی توونس، تاوەکو گەیشتووە بە پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندیی توونس.