رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی کۆماریی نەمسا لە ڤیەننا، کە بە کۆشکی هافبۆرگ ناسراوە، لەلایەن ئەلێکساندەر ڤان دێر بێلن، سەرۆکی نەمساوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا؛ پێشوازییەک کە رەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و نەمسا لەلایەک و نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە لایەکی دیکە هەیە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پەیوەندییەکانی زۆر کۆنمان لەگەڵ نەمسا هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر. دواجار کە وەزیری دەرەوەی نەمسا سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد، بانگهێشتنامەیەکی بۆ ئێمە نارد، تاوەکو سەردانی نەمسا بکەین. ئێمە هاتووین و ئەمڕۆش کۆبوونەوەیەکی زۆر باش و دوورودرێژمان لەگەڵ وەزیری دەرەوە و ئێستاش لەگەڵ سەرۆککۆماری نەمسا کرد، لەم کۆبوونەوانەدا باسمان لە چۆنێتی پێشخستنی پەیوەندییەکانی عێراق بە شێوەیەکی گشتی و هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە کرد. وا هەست دەکەین نەمسا خوازیارە ئەو پەیوەندییە پەرەی پێبدرێت، لەڕووی سیاسییەوە، هەمیش لەڕووی ئابووری."
لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی نەمسا، نێچیرڤان بارزانی نووسیویەتی، "جەختمان لە پەیوەندییە مێژووییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و نەمسا کردەوە. باسمان لە بەهێزکردنی هاوبەشی نێوانمان کرد و سوپاسی پاڵپشتیی بەردەوامی نەمسام بۆ عێراق و کوردستان دەربڕی."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هەردوو سەرۆک باسیان لە زۆر بابەتی جێگەی بایەخی هەردوولا کرد، لەوانەش "پێكهوهژيان، دۆخى پێكهاتهكان و مافهكانيان له ههرێمى كوردستان و عێراق. ههردوولا هاوڕا بوون لهسهر پێویستیی یارمهتیدانی ئێزدییان لهلایهن کۆمهڵگهی نێودهوڵهتییهوه."
پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەلێکساندەر ڤان دێر بێلن، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا کۆبووەوە.
لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، شاڵنبێرگ نووسیویەتی، "خۆشحاڵ بووم بە پێشوازیکردن لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڤیەننا. پێشهاتەکانی ناوچەکە، کۆچ و هاریکاریی ئابووریمان تاوتوێ کرد. نەمسا بە سەقامگیریی عێراق، لەوانەش سەقامگیریی هەرێمی کوردستانەوە، پابەندە."
نەمسا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و خاوەنی گەورەترین هێڵی ئاسمانیی ئەورووپییە کە گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی بۆ هەولێر هەیە.
هێرفیگ نیوپەر، بەرپرسی نووسینگەی بازرگانیی نەمسا لە هەرێمی کوردستان و عێراق رایگەیاند، "بێگومان سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێمە زۆر دڵخۆش دەکات. هەروەها دڵنیام کە ئەوە هەنگاوێکە بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان، کە هەر لە ئێستاوە زۆر باش و دۆستانەن، نەک تەنیا لەڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو لەڕووی کولتووری و سیاسیشەوە، بۆئەوەی پیشانی بدەین گەلەکانمان چۆن یەکدییان خۆشدەوێت و دەرفەت بۆ پێکەوە کارکردنی زیاتر لە چەندین کەرتی دیکەدا هەیە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە بەرپرسانی نەمسا کرد، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق پتەوتر بکەن و کۆنسوڵخانە لە هەولێر بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ