عەبدولسەلام بەرواری: نەمسا لە رووی ئابوورییەوە پەیوەندیی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سیاسەتڤانێکی کورد دەڵێت نەمسا پەیوەندییەکی پتەو و بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و نەمساییەکان کورد دەناسن. دەشڵیت: نەمسا لە رووی ئابوورییەوە پەیوەندییەکانی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە نەمسایە و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا کۆبووەوە و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی نەمساش کۆببێتەوە.
 
عەبدولسەلام بەرواری، سیاسەتڤان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەمسا بەرەوپێش ببات و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەمسا هەیە، نەمسا لە رووی ئابوورییەوە پەیوەندیی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە."
 
عەبدولسەلام بەرواری پێیوایە: "سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان نەمسا و هەرێمی کوردستانە."
 
عەبدولسەلام بەرواری باس لەوە دەکات، لە 1976 کاتێک چوونەتە نەمسا لێیان دەپرسین خەڵکی کوێین دەیانگوت کوردین، دەیانگوت ئەها کوردن کوردەکانی کارلمای یان کوردەکانی بارزانی. بەرواری دەڵێت: "لە ساڵی 1979 کاتێک هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی درا کاتێک پۆلیس هات و خۆی پێناساندن، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیس پێیگوت خۆزگە بە ئێمەت بگوتایە بۆ ئەوەی پاسەوانی تایبەتمان بۆ دانابای."
 
عەبدولسەلام بەرواری پەیوەندیی نێوان کورد و نەمسا بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "لە 1979 کاتێک هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی درا، 'پارتی سۆسیالیست' کە ئەوکات پارتی دەسەڵاتداری نەمسا بوو پەیوەندییەک دروست بوو لە نێوان سەرۆک و دوو جێگری سەرۆکی حیزبەکە کە هاینس فیشەر بوو کە دواتر بووە سەرۆکی نەمسا لە ساڵی 2004 تاوەکو 2018  و کال بلیخەر کە وەزیری نێوخۆ بوو لەو رێگەیەوە کرایسکی بینی کە سەرۆکوەزیران بوو، کرایسکی کە سەرۆک بارزانی بینیبوو پێیگوتبوو من باوکی تۆم بینیوە، کە لە کۆنگرەی قوتابیان و لاوان لە پراگ بووە."
 
لەبارەی سەردانی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ نەمسا، بەرواری گوتی: "لە دوای دروستبوونی پەیوەندی نێوان نەمسا و پارتی هەرکاتێک کە سەرۆک بارزانی، یان پێشتریش کاک ئیدریس یان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دێنە نەمسا پڕۆتۆکۆڵی سەرۆکایەتیی نەمسا پارێزگارییان لێدەکات و لەگەڵیاندا دەبێت."
 
عەبدولسەلام بەرواری، باسی لەوەکرد: "لە ساڵی 2004 پێش هەموو وڵاتانی دیکە نەمسا ئۆفیسێکی لە هەرێمی کوردستان کردەوە کە ئەوکات باڵیۆزخانەی لە عێراق نەبوو، ئەو نووسینگەیە کاری کۆنسووڵخانەی دەکرد."
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و نەمسا رایگەیاند: میللەتی نەمسا بە گشتی کورد دەناسن، پارتی و بارزانی دەناسن، نەمساییەکان رێزێکی زۆریان بۆ کورد هەیە و کورد بە جەنگاوەر و مرۆڤدۆست و قوربانیدەر ناودەبەن و دەناسن. جگە لەوەش نەمسا لە شەری داعش هاوکارییەکی باشی هەرێمی کوردستانی کرد و پێشتریش لەچارەسەرکردنی بریندارانی هەڵەبجە هاوکار بووە."
 
رۆژی سێشەممە، 2ـی تەممووزی 2024، هێرفیگ نیوپەر، بەرپرسی نووسینگەی بازرگانیی نەمسا لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو راگەیاند، کۆی گشتیی قەبارەی بازرگانی لە نێوان نەمسا و عێراق لە ساڵی 2023، نزیکەی نیو ملیار دۆلار بوو، دەڵێت عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بەوەیە ئابوورییەکەیان فرەچەشن بکەن. پێموایە دەتوانین لەو کارەدا یارمەتییان بدەین.