سەرۆکی ناوەندی کوردی لە ڤیەننا: سەردانی نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی کورد لەگەڵ نەمسا بەهێزتر دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ناوەندی کوردی لە ڤیەننا دەڵێت، لە رابردوودا کورد پەرلەمانتاری لە نەمسا هەبووە و لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵیش، بەربژێری کورد بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە هەن.
 
نزار مووسا، سەرۆکی ناوەندی کوردیی لە ڤیەننا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00 کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، باسی گرنگی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ نەمسا کرد: "سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ نەمسا زۆر گرنگە، چونکە پەیوەندی کورد و دۆزەکەی لەگەڵ نەمسا بەهێزتر دەبێت."
 
بەپێی ئەو ئامارەی دەست ناوەندیی کوردی لە ڤیەننا کەوتووە، زیاتر لە 100 هەزار کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە نەمسا دەژین. نزار مووسا دەڵێ: " نەمسا یەکێکە لەو وڵاتانەی پاشەڕۆژێکی زۆر باشی بۆ کورد هەیە، دوو کورد بوونەتە پەرلەمانتار و کوردی دیکەش لە هەڵبژاردنی مانگی سێپتەمبەری پەرلەمانی نەمسا بەربژێرن."
 
لەبارەی رۆڵی کوردانی نیشتەجێی نەمساش، نزار مووسا گوتی: " ناوەند، ئینستیتۆ و یانەی وەرزشی کوردی هەن، یانە وەرزشییەکان ناویان کوردڤین و رۆژئاڤایە، یانەی کوردڤین کە بۆ یەکەمجار گەیشتووتە ئاستی خولەکانی نەمسا."