بایدن رەخنەی تووند لە بڕیاری دادگە لەسەر پێدانی پارێزبەندی بە ترەمپ دەگرێت

02-07-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دادگەی باڵای وڵاتەکەی بۆ پێدانی پارێزبەندی بە دۆناڵد ترەمپ بە تووندی سەرکۆنە دەکات و بە پێشهاتێکی "مەترسیدار" وەسفی دەکات. 
 
دادگەکە رۆژی دووشەممە بڕیاریدا کە ترەمپ و هەموو سەرۆکەکان، "پارێزبەندیی تەواویان" هەیە و ناکرێت لەسەر ئەو کارانەی لە چوارچێوەی کاری سەرۆکایەتییدا کردوویانن، لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام هەر سەرپێچییەک لە دەرەوەی کاری سەرۆکایەتیدا بکەن، ئەوا رووبەڕووی سزا دەبنەوە. 
 
لە گوتارێکیدا لە کۆشكی سپی، بایدن باسی لەوە کرد، بڕیاری دادگەکە "بە واتەی ئەوە دێت هیچ سنوورێک بۆ سەرۆک نییە کە چی دەکات. ئەمە بنەمایەکی نوێ و پێشهاتێکی مەترسیدارە."
 
ترەمپ تۆمەتبارە بەوەی هەوڵیداوە ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2020 بگۆڕێت، بەڵام لەو کاتەوەی دادگەی باڵا دەستی بە لێکۆڵینەوە لە داواکاریی پارێزبەندییەکەی کردووە، دادگاییکردنەکەی لەسەر ئەو تۆمەتە، هەڵپەسێردراوە. 
 
دەستەی دادوەریی دادگەی باڵای ئەمریکا لە 9 ئەندام پێکدێت، شەشیان نەریتخواز و سییانیان لیبراڵن. سێ لەو دادوەرانە لە لایەن خودی ترەمپەوە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا خراونەتە ئەو پۆستانە. 
 
رۆژی دووشەممە، هەر شەش دادوەرە نەریتخوازەکە لە بەرژەوەندیی ترەمپ و سێ لیبڕالەکەش لە دژیان دەنگیان دا. 
 
بڕیاری دادگەی باڵا وا دەکات دادگەییکردنی ترەمپ زیاتر دوابکەوێت و ئەگەرێکی زۆر هەیە بکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە 5ی تشرینی دووەم دەکرێن.  
 
بایدن گوتی: "پێویستە خەڵکی ئەمریکا بڕیاربدات کە ئایا دەیانەوێت جارێکی دیکە متمانەی سەرۆکایەتی بە ترەمپ بدەنەوە، لە کاتێکدا ئێستا دەزانن کە ئەو پشتئەستوور دەبێت و هەر شتێکی ویست دەیکات، هەر کاتێک ویستی."
 
رۆن رۆبەرتس، دادەوەری نەریتخواز کە هاوکات سەرۆکی دەستەی دادوەرانە، لە راگەیاندنی بۆچوونی خۆی، گوتی سەرۆک "لە سەرووی یاساوە نییە" بەڵام "پارێزبەندی تەواوی" هەیە لە لێپێچینەوەی یاسایی بۆ ئەو کارانەی لە کاتی سەرۆکایەتیدا کردوونی. 
 
رۆبەرتس گوتی: "بۆیە ناکرێت سەرۆک لە بەرامبەر بەکارهێنانی دەسەڵاتە دەستوورییەکانیدا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت." 
 
دادوەرەکە هەروەها گوتی: "سەبارەت بە کارە نافەرمییەکانی سەرۆک، هیچ پارێزبەندییەک نییە."
 
دادگە بەو بڕیارەی، دۆسیەکەی ناردەوە دادگەیەکی خوارووتر بۆ ئەوەی بڕیار بدات کە کام لەو تۆمەتانەی رووبەڕووی ترەمپ دەکرێنەوە پەیوەندیی بە کاری سەرۆکایەتییەوە هەیە و کامەیانی پەیوەندیی پێوە نییە. 
 
ترەمپ تۆمەتبارە بە پیلانگێڕان بۆ فریودانی ئەمریکا و رێگریکردن لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی فەرمی، کە مەبەست لێی رووداوی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسە لە 06/01/2021 لە لایەن لایەنگرانی ترەمپەوە لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجوومەنی نێونەران و ئەنجوومەنی پیران بۆ پەسەندکردنی سەرکەوتنی بایدن.  
 
سەرۆکی پێشوو ئەمریکا هەروەها تۆمەتبارە بە پیلانگێڕان بۆ رێگریکردن لە مافی دەنگدانی ئەمریکییەکان و ژماردنی دەنگەکانیان. 
 
بایدن رۆژی دووشەممە بە کاتی واشنتن، گوتی: "رای گشتی مافی ئەوەی هەیە وەڵامەکان بزانێت لە بارەی ئەوەی لە 6ی کانوونی دووەم چی روویداوە، پێش ئەوەی ئەم ساڵ جارێکی دیکە داوای دەنگدانیان لێ بکرێت. ئێستا بەهۆی ئەم بڕیارەی ئەمڕۆوە، ئەگەری ئەوە زۆر زۆر کەمە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پرسی لادانی بایدن لە بەربژێریی سەرۆکایەتیی ئەمریکا

پرسی دوورخستنەوەی بایدن لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هێشتا گەرمە

بایدن لە تەمەنی 82 ساڵیدا هێشتا هەوڵدەدات بە پیاوە خاوەن زەوق و شۆق و رەوشت بەرزەکەی کۆشکی سپی ناوبنرێت؛ بەڵام دەستی جێل ـی هاوژینی دەگرێت نەوەک پێی لە یەكێک لە 5 دانە قادرمەکانی چوونە خوارەوە لە هێلیکۆپتەری سەرۆکایەتی، پێچ بخوات.