لە سێ رۆژدا 3,700 دۆنم دارستانی ویلایەتی ئاریزۆنای ئەمریکا سووتاوە
رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژە ئاگر لە دارستانەکانی رۆژهەڵاتی ویلایەتی ئاریزۆنا لە باشووری ئەمریکا لە نزیک سنوورەکانی مەکسیک کەوتووەتەوە و هێشتا کۆنتڕۆڵنەکراوە، تیمە فریاگوزارییەکان توانیوویانە تاوەکو ئێستا تەنیا 19٪ی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
بەگوێرەی بەرپرسانی ویلایەتی ئاریزۆنا، نزیکەی 270 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆلکردنی ئاگرەکەن کە لە 72 کاژێری رابردوودا، لانیکەم سێ هەزار و 300 دۆنم زەوی سووتاندووە.
لە شەش هەفتەی رابردوودا ئەوە سێیەم زنجیرە ئاگرە لەو ویلایەتەی ئەمریکا دەکەوێتەوە.
ئاگرەکە دانیشتووانی نزیک دارستانەکانی ناچار کردووە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و نزیکەی 100 کەس روویان لە ناوچەکانی دیکەی ئەو ویلایەتە کردووە. بەرگریی شارستانیی ویلایەتەکەش دانیشتووانی شاری فینیکسی پایتەختی ئەو ویلایەتەی ئاگادار کردووەتەوە لە ئەگەری فراوانبوونی ئاگرەکە و گەیشتن بەو شارە.
تیمە فریاگوزارییەکان لە زەوی و ئاسمانەوە هەوڵی کوژراندنەوەی ئاگرەکە دەدەن، بۆ ئەم مەبەستە 10 هەلیکۆپتەری جۆری ئاپاچیان تەرخانکردووە.
ئاژانسی کەشناسیی ئەمریکا هۆشداریداوە کە پلەی گەرمای ویلایەتەکە هەر بە بەرزیی دەمێنێتەوە و تاوەکو رۆژی یەکشەممە لەنێوان 43 بۆ 45 پلەی سیلیزی دەبێت. پێشبینیکردووە دواتر پلەی گەرما نزم ببێتەوە و ئەگەری باران بارینیش هەیە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی ئەو ویلایەتەی ئەمریکا، گومان دەکرێت بە دەستی ئەنقەست ئاگر لە دارستانەکە بەردرابێت، بەڵام تائێستا پۆلیس هیچ کەسێکی دەستگیر نەکردووە.
لە سەرەتای مانگی رابردووەوە، شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپڕووکێن رووی لەو وڵاتە کردووە، لە ماوەی ئەو مانگەدا شەش کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە و 87 کەیسی گیان لەدەستدانی دیکەش لەژێر لێکۆڵینەوەدان بۆ ئەوەی بزانرێت هۆکارەکەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بووە یان هۆکاری دیکە.
ئەمە بێجگە لەوەی ساڵی رابردوو، زیاتر لە 600 کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەو ویلایەتە گیانان لەدەستدا و دوو ساڵیش لەمەوبەر زیاتر لە 400 کەسی دیکە.