لە رووداوێکی تەقەکردندا لە یانەیەکی شەوانەی ئەمریکا دوو کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە یانەیەکی شەوانە لە شاری باڵتیمۆر لە ویلایەتی مێریلاندی ئەمریکا، دوو کەس کوژران و 28ی دیکەش برینداربوون.
رۆژی یەکشەممە 2ی تەممووزی 2023 پۆلیسی شاری باڵتیمۆر رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری لەنێو یانەیەکی شەوانەی شارەکەدا، ئافرەتێکی 18 ساڵان و پیاوێکی 20 ساڵان کوژراون و سێ لە بریندارەکانیش باری تەندروستییان ناجێگیرە.
پۆلیسی شارەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، هێرشکارەکە دوای ئەوەی دەستڕێژی بەنێو یانەکەدا کردووە، هەڵاتووە و تائێستا دەستگیر نەکراوە، بەڵام پۆلیس بەردەوامە لە گەڕان و پشکنین بەدوایدا.
برێندن سکۆت، سەرۆکی شارەوانیی بۆڵتیمۆر رایگەیاند، "لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بەردەوامە و کۆڵنادەین تاوەکو ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە هێرشەکە دەستگیر نەکرێن."
ئەو رووداوە لە یەکەم رۆژی پشووی سێ رۆژەی ئەمریکایە، کە بە پشووی رۆژی نیشتمانیی ئەمریکا ناسراوە، کە 4ی تەممووزە و ئەمریکییەکان بە ئاهەنگ و کۆبوونەوە و رێوڕەسمی فەرمی یادی دەکەنەوە.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ئاهەنگەکە تایبەت بووە بە رۆژی نیشتمانیی ئەمریکا و سەتان کەس ئامادەی بوون، یەکێک لە بەشداربووانی ئاهەنگەکە سەبارەت بە رووداوی تەقەکردنەکە رایگەیاندووە، گوێبیستی تەقاندنی 20 بۆ 30 گولـلە بووە. شایەتحاڵێکی دیکەش رایگەیاندووە، تەقەکردنەکە زۆر بووە و "هەستم کرد تەواو نابێت،" بەڵام تائێستا پۆلیس هیچ زانیارییەکی لەسەر هێرشکارەکە بڵاونەکردووەتەوە.
هەروەها پۆلیس رایگەیاندووە، لەو 28 بریندارە، نۆیان بە ئامبوڵانس رەوانەی نەخۆشخانە کراون و ئەوانی دیکەش هەر لە شوێنی رووداوەکە تیمار کراون.
هەروەها نەخۆشخانەی گشتیی بۆڵتیمۆر ئاشکرای کردووە، لەدوای رووداوەکە 19 برینداریان وەرگرتووە و چارەسەریان بۆ کراوە، زۆربەشیان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.