ئۆکراینا: تانکە فەرەنسییەکان بەکەڵکی شەڕکردن لە بەرەی پێشەوەی جەنگ نایەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئۆکراینا دەڵێت، ئەو تانکانەی فەرەنسا بەخشیونی بە سوپاکەیان، بەکەڵکی شەڕکردن لە بەرەی پێشەوەی جەنگ نایەن، چونکە ئەو قەڵخانەی لە تانکەکەدا بەکارهاتووە لاواز و باریکە و توانای بەرگەگرتنی لەبەردەم مووشەک و پارچەی تەقینەوەکان نییە.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا سوپاسی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای کرد بۆ ناردنی تانکەکان و ئۆلێسکی رێزینکۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرایناش گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە یەکێک لەو تانکانە لێدەخوڕێت.
 
لە نیسانی ئەمساڵدا کیێڤ رایگەیاندبوو، زرێپۆشەکانی فەرەنسا، کە تایبەتن بە چاودێریکردن و هێرشکردنە سەر دووژمن، دەستیان بە کار کردووە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ.
 
بەڵام فەرماندەیەک کە بە "سپارتانێتس" بانگ دەکرێت، باس لەوە دەکات، بەهۆی "قەڵخانی تەنکی" تانکەکانەوە کە لە لاشەکەیدا بەکارهاتووە، ناتوانرێت لە بەرەی پێشەوەی مەیدانی جەنگ بەکاربێن، بەڵکو تەنیا دەبێت وەکو پاڵپشتیی هێرشکردن لە دواوەی مەیدانی جەنگ لەکاردابن.
 
ئەو فەرماندەیە هۆکاری قسەکانی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، سەربازێکی سوپای ئۆکراینا بەهۆی تەنکیی قەڵخانەکەوە گیانی لەدەستداوە.
 
سپارتانێس دەڵێت، مووشەکێک لە تەنیشت یەکێک لەو تانکانەوە لە زەوی داوە، پارچەیەکی بەر تانکەکە کەوتووە و قەڵخانی تانکەکەی بڕیوە، بەهۆیەوە یەکێک لە چوار سەرنشینەکەی نێو تانکەکە گیانی لەدەستداوە.
 
باسیش لەوە دەکات، ئەوە یەکەم رووداوی هاوشێوە نەبووە و جارێکی دیکەش بەهۆی تەقینەوەی مووشەکێکی 152 میلـلیمەتری لە تەنیشت یەکێک لەو تانکانە، قەڵخانەکەی کون بووە.
 
ئەو فەرماندەیە ئاماژە بەوەش دەکات، "چەکەکان زۆر باشن، ئامێری دیاریکردن و چاودێریکردنەکانیش زۆر باشن، بەڵام بەداخەوە قەڵخانێکی باریک هەیە و کرداری نییە بۆ بەرەی پێشەوەی مەیدانی جەنگ."
 
تانکی AMX-10 تەنیا ئەو کێشەیەی نییە؛ بەڵکو گێڕبۆکسەکەشی زوو زوو دەشکێت ئەگەر لە رێگەی قوڕدا بەکاربهێندرێت.
 
وەزارەتی بەرگریی فەرەنساش ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان ئەو تانکانەیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی سووک داوەتە ئۆکراینا.
 
تانکی AMX-10 لە ساڵی 1970 لەلایەن فەرەنساوە دروستکراوە و کێشەکەی 20 تۆنە، لەجیاتی زنجیر تایەیان لەژێردایە. ئێستا سوپای فەرەنسا شوێنگرەوەی ئەو تانکانەی دروستکردووە کە ناوی جاگوارە.