جیهان
سەلوان مۆمیکا کەمێک پێش سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لەبەردەم مزگەوتێکی ستۆکهۆڵم لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سوێد سەرکۆنەی سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم کرد و رایگەیاند، ئەوە کارێکی "ئیسلامۆفۆبیا"یە، ئەمەش دوای ئەوەی رێکخراوی هاوئاهەنگیی ئیسلامی داوای کرد رێکاری تووند بگیرێنەبەر تاوەکو لە داهاتوودا کەس نەتوانێت قورئان بسووتێنێت.
رۆژی یەکشەممە 02ی تەممووزی 2023 وەزارەتی دەرەوەی سوێد بەیاننامەیەکی لەسەر رووداوی سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە 28ی مانگی رابردوو، لە وڵاتەکەیان، بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "حکومەتی سوێدی بە تەواوەتی تێگەیشتووە کە ئەو کردەوەیە، کردەوەیەکی ئیسلامۆفۆبیایە کە لەلایەن کەسانێکەوە لە خۆپێشاندانێکدا لە سوێد کرا، ئەمەش بێڕێزییە بە موسڵمانان. بۆیە ئێمە بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کردەوەیە دەکەین، کە بە هیچ شێوەیەک رەنگدانەوەی بۆچوونی حکومەتی سوێد نییە."
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "سووتاندنی قورئان یان هەر کتێبێکی دیکەی پیرۆز، بێڕێزی و هەراسانکردنە، دەربڕینێکی رەگەزپەرستانەیە کە هەموو ئەمانەش کرداری نالێبووردەیین و لە سوێد و لە ئەوروپاش شوێنیان نابێتەوە."
سەبارەت بە رێگەدان بەو کارە، وەزارەتی دەرەوەی سوێد دەڵێت "سوێد لەسەر بنەمای دەستوور، ئازادیی گردبوونەوە و رادەربڕین و خۆپێشاندانی پاراستووە."
لەدوای رووداوەکە، پۆلیسی سوێد رایگەیاند، لەسەر بنەمای پاراستنی ئازادیی رادەربڕین، رێگەی بەو کارەی سەلوانی تەمەن 37 ساڵ داوە.
ئەو بەیاننامەیەی حکومەتی سوێد لەدوای داواکەی رێکخراوی هاوئاهەنگیی ئیسلامی دێت کە داوای کردبوو هاوئاهەنگییەکی نێودەوڵەتی بکرێت تاوەکو لە داهاتوودا رووداوی لەو جۆرە روونەداتەوە.
ئەو رێکخراوە کە 57 وڵاتی زۆرینە موسڵمان ئەندامیەتی، سەبارەت بەو رووداوە کە لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە، بەناوی سەلوان مۆمیکا، ئەنجامدرا، لە شاری جەدەی سعودیە کۆبوونەوە و لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد هەنگاوی یەکگرتووانە بگرنەبەر تاوەکو لە داهاتوودا ئەو کردەوەیە دووبارە نەبێتەوە.
لەدوای رووداوەکە، هەریەک لە وڵاتانی عێراق، کوێت، ئیمارات و مەغریب، بانگهێشتی باڵیۆزی سوێدیان لە وڵاتەکەیان کرد و ناڕەزایەتیی خۆیان لەسەر ئەو رووداوە گەیاندە باڵیۆز.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ