داپیرەی ئەو مێرمنداڵەی لە فەرەنسا کوژرا داوای راگرتنی خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکان دەکات

02-07-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

داپیرەی ئەو مێرمنداڵە 17 ساڵەی لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە کوژرا و بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی فراوان لە تەواوی فەرەنسا، داوا لە خۆپێشاندەران دەکات کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بهێندرێت؛ ئەمەش دوای ئەوەی ئاڵۆزییەکان بۆ پێنجەم شەوی لەسەریەک بەردەوام بوو.
 
رۆژی یەکشەممە 2ی تەممووزی 2023 نادیە، داپیرەی مێرمنداڵە بە رەچەڵەک جەزائیرییەکە بە میدیای فەرەنسای راگەیاند، خۆپێشاندەران کوشتنی نائیلی کچەزای بەکاردەهێنن بۆ تێکدان و نانەوەی پشێوی، هەربۆیە بنەماڵەی نائیل داوای هێوربوونەوەی دۆخەکە دەکەن.
 
لەوبارەیەوە نادیە دەڵێت، "نائیل مردووە، کچەکەشم وێران بووە و چیدیکە ژیانی نەماوە، بۆیە قوتابخانەکان تێکمەدەن و پاسەکان تێکمەشکێنن و داوایان لێدەکەم بوەستن."
 
جێراڵد دارمێنیان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، دوێنێ شەو دۆخەکە ئارامتر بووە و خۆپێشاندان و سووتاندی موڵکی گشتی کەمتر بووە، ئاشکراشی کرد، لە رۆژی پێنجشەممەوە بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە زیاتر لە 45 هەزار پۆلیسیان رەوانە سەر شەقامەکانی چەند شارێکی فەرەنسا کردووە، بەتایبەتی شاری پاریسی پایتەخت.
 
هەر لە دوای پرسەکەی نائیل، خۆپێشاندەران چەندین ئۆتۆمبێل، دووکان، بازاڕ، قوتابخانە، فەرمانگەی حکومی و بنکەی پۆلیسیان سووتاندووە.
 
هەروەها شەوی رابردوو، خۆپێشاندەران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی لێهای لێرۆی نزیک پاریس، لەوکاتەی هاوژین و منداڵەکانی لە خەودا بوون.
 
بەهۆی خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی نێوخۆی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا هەڵوەشاندەوە، بۆ چاودێریکردنی دۆخی وڵاتەکەی کە رووبەڕووی گەورەترین قەیران بووەتەوە لەدوای خۆپێشاندانەکانی هێلەک زەردەکان کە لە ساڵی 2018 سەریانهەڵدا.
 
بەگوێرەی میدیای فەرەنسا، کوشتنی نائیل بە دەستی ئەفسەرێکی پۆلیس، شەپۆلی ناڕەزایەتیی فەرەنسییەکان و بەتایبەت رەشپێشتەکانی ئەو وڵاتەی دژ بە تووندوتیژییەکانی پۆلیس زیاتر کردووە.
 
لەبارەی رێوشوێنەکانی پۆلیسی فەرەنسا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، تەنیا شەوی رابردوو 719 خۆپێشاندەریان دەستگیر کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە شەوی هەینی 1311 خۆپێشاندەریان دەستگیر کردووە و شەوی پێنجشەممەش 875 خۆپێشاندەر.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پاریس رایگەیاند، لەگەڵ هێوربوونەوەی دۆخەکە، ئەوانیش توانیویانە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام جارێ زووە بۆئەوەی بڵێن خۆپێشاندانەکان کۆتاییان هاتووە.
 
برۆنۆ لی ماری، وەزیری دارایی فەرەنسا رایگەیاند، رۆژی شەممە لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە 10 مۆڵ تاڵان کراون و هێرشیش کراوەتە سەر زیاتر لە 200 سوپەرمارکێت، لەگەڵ ژمارەیەک کۆشکی سەر شەقامەکان و دووکانەکانی تایبەت بە جلوبەرگ و چێشتخانەش.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا