نزیکەی هەفتەیەکە رەوشی فەرەنسا ئاڵۆزە؛ کوژرانی مێرمنداڵێک هۆکارەکەیەتی

رووداو دیجیتاڵ 

نانتێر، ئەو گەڕەکەی پاریس کە نائێلی تەمەن 17 ساڵی تێدا کوژرا، گەڕەکەکە 10 کیلۆمەتر لە تاوەری ئیفڵەوە دوورە و لەگەڵ کوژرانی ئەو مێرمنداڵە، بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایێتییەکانەوە ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە.
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو، نائێلی تەمەن 17 ساڵ لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیسەوە کوژرا. شەقامەکانی ئەم شوێنە، توڕەیی دانیشتووانەکەی پێوە دیارە؛ ئۆتۆمبێلی سووتێنراو، شووشە لەسەر شەقامەکان و داری سووتێنراو، دیمەنەکانی نانتێرن. 
 
خۆپێشاندان و ناڕازایەتییەکان بەتەواوی فەرەنسادا بڵاوبوونەتەوە. بەپێ ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لەو کاتەوە تائێستا، 577 ئۆتۆمبێل و 74 باڵەخانە و دووکان سووتێراون. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش 871 ئاگریان کوژاندووەتەوە. 
 
پیاوێکی بەتەمەنی بەڕەچەڵەک جەزائیری کە بەرامبەر ئۆتۆمبێلە سووتێنراوەکان دانیشتووە، دەڵێت، نابێت دایک باوکان رێگەبدەن بەمشێوەیە وێرانکاری بکرێت. ''گەنجەکانن ئەو زیانە گەورەیە دەگەیێنن، بەڵام دایک و باوکان بەرپرسن لەوان، چونکە ئێمەی گەورەکان باجەکەی دەدەین. دەبینی قوتابخانە و نەخۆشخانە و شوێنەکانی دیکە تێکدەدەن. ئەمە شتێکی ئاسایی نییە''.
 
رێگری لە رۆژنامەڤانان دەکرێت تەواوی دیمەنەکان وەربگرن. خەڵک نیگەران و تووڕەن و دەڵێن ژیانیان لە مەترسیدایە.
 
هاووڵاتییەکی دیکەی گەڕەکەکەی نائێل دەڵێ ''دڵگرانم کەسێک گیانی لەدەستداوە، بەڵام نابێت بەوشێوەیە مامەڵە بکەین. خەڵک چۆن بڕۆن بۆ سەر کارەکانیان؟ شەوی رابردوو پاسێک و پێنج ئۆتۆمبێلی دیکە لێرە سووتێنران''.
 
لەدوای پێنجەم شەوی خۆپێشاندان و رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان، داپیری نائێل داوای کرد دۆخەکە ئارام بکرێتەوە. حکومەتی فەرەنساش بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، 45 هەزار پۆلیس و هێزی ئەمنی خستووەتە ئامادەباشییەوە.