وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا: 719 کەس دەستبەسەرکران و 45 پۆلیس بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ

هەوڵەکانی حکومەتی فەرەنسا بە مەبەستی گێڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ شارەکانی، بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا شەوی رابردوو 719 کەسی دەستگیرکردووە. 
 
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2-7-2023) بڵاویکردەوە، لە شەوی پێنجەمی خۆپێشاندانەکاندا 719 کەسیان دەستگیرکردووە. 
 
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا باس لەوە دەکات بەهۆی ئەوەی 45 هەزار پۆلیس و ئەندامی هێزی ئەمنی و فریاکەوتن لە سەرانسەری وڵات بڵاوەیان پێکراوە، شەوی رابردوو بەراورد بە شەوەکانی پێشوو، ئارامتر بوو. ئاشکراشی دەکات هێزە ئەمنییەکان 719 کەسیان دەستبەسەر کردووە و لە رووبەڕووبوونەوەکانیشدا 45 پۆلیس و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.
 
دەستگیرکردنی ئەو کەسانە لەکاتێکدایە شەوی پێشتر 1300 کەس لە سەرانسەری فەرەنسا بەهۆی پشێوییەکانەوە دەستگیرکرابوون. 
 
پشێوییەکان رۆژی سێشەممە 27-6-2023 دەستیان پێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی پۆلیس تەقەی لە هاووڵاتییەکی تەمەن 17 ساڵی بە رەچەڵەک جەزائیری لە شاری نانتێر کرد و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا. 
 
هەرزوو خۆپێشاندان شارە گەورەکانی فەرەنسای گرتەوە و حکومەتیش دەیان هەزار پۆلیسی لە شارە گەورەکان بڵاوەپێکردووە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.