بوونی ڤاگنەر و چەکی ئەتۆمی لە یەک کاتدا لە بێلاڕووس وڵاتانی ئەوروپای نیگەرانکردووە


رووداو دیجیتاڵ

دوای کەمتر لە هەفتەیەک لە کۆتاییهاتنی یاخیبوونە 20 کاژێرییەکەی گرووپی ڤاگنەر و چوونی سەرۆک و بەشێک لە سەربازەکانیان بۆ بێلاڕووس، ترس و نیگەرانی ئۆکراینا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپای تەنیوە. 
 
ئەگەر لە رابردوودا ئەوروپا تەنیا نیگەرانی کرێملن بووبێت، ئێستا دەبێت خراپترین گریمانەکان لەبەردەم جموجوڵەکانی ڤاگنەر لە بێلاڕووس دابنێت کە لای رۆژئاوا بە گرووپێکی تیرۆریست، لە یاسالادەر و بکوژ ناودەبرێن.
 
ئۆکراینا کە زیاتر لە 16 مانگە لە بەری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیەوە لەگەڵ رووسیادا لە جەنگدایە، ڤاگنەر ناچاریکردووە سنوورەکەی لەگەڵ بێلاڕووسیش تووندوتۆڵبکاتەوە.
 
ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت: "ئێمە زۆر بە وریاییەوە چاودێریی هەموو جموجوڵێک بە هەموو ئاراستەکاندا دەکەین. بە فەرمانی سوپاسالار، فەرماندەی هێزە گشتییەکان، زالوژنی و جەنەراڵ نایڤ بڕیاردرا سنوورەکانمان بە ئاراستەی باکوور تووندوتۆڵبکەینەوە، تاوەکو لە ئاشتی دڵنیابینەوە."
 
بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی مانگە دەستکردەکانیش کە بنکەیەکی سەربازی لە دووری 90 کیلۆمەتر لە مینسکی پایتەختی ئەو وڵاتە نیشاندەدات، گۆمی نیگەرانییەکانی رۆژئاوای زیاتر شڵەقاندووە.
 
بە گوێرەی وێنەکە لە 5 رۆژدا نزیکەی 300 چادری نوێ لە بنکە سەربازییەکە هەڵدراون و گوماندەکرێت لانەی نوێی ڤاگنەر بن.
 
گیتاناس ناوسیدا، سەرۆکی لیتوانیا دەڵێت، "ئێمە لە رادەبەدەر نیگەرانی بەرەوپێشچوونەکانی بێلاڕووسین. پریگۆژین لەوێیە، ناتوانم بڵێم 100٪ لەوێیە، بەڵام زۆر لەوە دەچێت لەوێ بێت. ئەو شەڕکەرانە، یان با بڵێم بکوژە هەڕەمەکییانە دەکرێت لە هەر خولەکێکدا بێت لە بێلاڕووس بچنە دەرەوە و کەس نازانێت کەی لە دژی ئێمە دەوەستنەوە."
 
هەر لە سەرەتاوە، یاخیبوونی ڤاگنەر، هێرشەکەی بۆ سەر رووسیا و ئاسانی لە پێشڕەوییەکەی تا نزیک 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ، بۆ رۆژئاوا جێگەی گومان بوو.
 
ئێستا ترسی گەورەی ئەوروپا ئەوەیە، بۆ لەمەودوا ڤاگنەر لەلایەن مینسک و مۆسکۆوە وەک کارتی گوشار بۆ ناسەقامگیرکردنی ئاسایشی ئەوروپا بەکاربهێنرێت.