سەتان فیل بە هۆکارێکی نادیار لە باشووری ئەفریقا مرداربوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە بۆتسوانا نزیکەی 350 فیل بە مردوویی دەدۆزرێنەوە و پسپۆڕان دەڵێن، رەنگە هۆکارەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێت، "بەڵام تاوەکو هۆکارەکەی بەتەواوی نەدۆزینەوە نازانین نەخۆشییەکە چییە و بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە یان نا".
 
لە بۆتسوانا، کە وڵاتێکە دەکەوێتە باشووری ئەفریقا، لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران نزیکەی 170 فیلی مرداربوو دۆزرانەوە و لە ماوەی هەفتەیەکدا ژمارەیان گەیشتە 350 فیل؛ تاوەکو ئێستا ئەنجامی پشکنینەکانیان تەواو نەبووە و هۆکاری مردنەکەیان دیارنیە.
 
د. نیاڵ مەککان، شارەزای زیندەزانی لەبارەی شێوازی مردنەکەوە دەڵێت، "مردنەکەیان لەناکاو بووە، چونکە ئەگەر سەیری لاشەیان بکەین، دەبینین زۆربەیان لەسەر دەمیان کەوتوون، کەواتە لەکاتی رۆشتن مردوون و مردنەکەیان زۆر خێرا بووە".
 
عاجی فیل بۆ دروستکردنی کەلوپەلی نێوماڵ بەکاردەهێنرێت، راوچییەکان لە وڵاتانی باشووری ئەفریقا فیل دەکوژن و عاجەکانیان لێدەکەنەوە، بەڵام هیچکام لەم فیلانە عاجەکانیان لێنەکراونەتەوە، شارەزایانی بواری زیندەزانی پێیانوایە، رەنگە هۆکاری مردنەکە نەخۆشییەکی گوازراوە بێت.