گالەری

ئاودەستێک کە بە تەکنەلۆژیاوە بەستراوەتەوە، لە ژاپۆن بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران؛ کۆمپانیای تۆتۆ بەرهەمهێنەری ئاودەستەکەیە و دەڵێ فرۆشی جیهانیی بەرهەمەکانی زیادبووە.
 
شینیا تامۆرا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای تۆتۆ لە بازاڕی نێودەوڵەتی دەڵێ "ئێمە، ناتوانین بە وشە بڵێین ئاودەستەکان چەند باشن. دەبێت خۆت تاقی بکەیتەوە. ئەم بەرهەمە بەتەواوەتی بەپێی تاقیکردنەوەی خۆتە. سەرەتا بەکاری ناهێنی چونکە نازانی چۆن بەکاریبهێنی. رەنگە سەرەتا سەریشت لێ بشێوێت، بەڵام زوو لەگەڵی رادێیت و بەکاریدەهێنیت."
 
ئاودەستەکەی کۆمپانیای تۆتۆ کە بە بەرهەمی نیومای ناسراوە، تایبەتمەندیی سەیر و سەمەرەی هەیە.
 
دەرگاکەی خۆکارانە دەبێتەوە و دادەخرێت، کە لە ژوورەوەیت بۆنێکی خۆش دەردەکات، گەرمی و فێنکەرەوەی هەیە.
 
جونیچی کۆگا، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی کۆمپانیای تۆتۆ لەبارەی ئاودەستەکەوە دەڵی "ئێمە، کەڵک لە پێشکەوتووترین کۆمپیوتەرەکان وەردەگرین بۆ ئەوەی باشترین دیزایینی ئاودەستەکە بکەین و بەباشترین شێوە ئاوەکە بێتە خوارەوە."
 
لە ساڵی 2012، قەبارەی فرۆشی ئاودەستی کۆمپانیای تۆتۆ 673 ملیۆن دۆلار بووە، لە 12 ساڵدا فرۆشی کۆمپانیاکە بۆ دوو هێندە زیاد بووە. لەبەر ئەو تایبەتمەندییانەی هەیەتی.
 
ئاودەستەکە بەراورد بە ئاودەستەکانی دیکە نرخەکەی گرانە؛ ئاودەستێکی ئاسایی بە نزیکەی 500 دۆلارە، کەچی ئاودەستی نیومای بە نزیکەی 10 هەزار دۆلارە.