رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە حکومەتی چین بڵایکردوونەتەوە، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، رێژەی بێکاری لەنێو گەنجانی چین نزیکەی 15٪ بووە، لەکۆتایی ئەم مانگەش نزیکەی 12 ملیۆن قوتابی دیکە زانکۆ تەواو دەکەن و پێویستییان بەکار دەبێت.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، پێشانگەیەکی هەلی کارە لە شەنگەهای چین؛ بەشێکی زۆری بەشداربووان کەسانی گەنج و تازە دەرچووی زانکۆکانن و دەیانەوێت کارییان دەستبکەوێت.
بەراورد بەو ژمارە زۆرەی رێژەی بێکاری لە چین، هێشتا ژمارەیەکی کەم خەڵک بەشدارییان لە پێشانگەکە کردووە. ئەوان دەڵێن، ئەو هەلی کارانەی هەن بەگوێرەی حەز و خولیای ئەوان نییە.
ریان لیو، هاووڵاتییەکی چینییە و دەڵێت: "بەشێکی زۆری ئەو قوتابییانەی کە دەردەچن پێشبینی شتگەلێکی زۆر دەکەن، ئەوان پێیان وایە کاتێک دوای ساڵانێکی زۆری خوێندن دەردەچن، وەکو کەسانی دیکە لە ئۆفیسێک کاریان دەستدەکەوێت، نەک بچن لە رێستۆرانتێک کار بکەن، هەربۆیە تووشی بێئومێدی دەبن و ئەوەش لەسەرەتا تۆزێک قورسە".
بەرزیی رێژەکە وایکرد، شی جینپیگ، سەرۆکی چین داوا لە ئەندامانی پارتەکەی، پارتی کۆمیونیست، بکات چارەسەرکردنی بێکاری گەنجان بکەنە کاری لەپێشینەیان.
زۆربوونی ژمارەی بێکاری لەنێو گەنجانی چین دەکرێت ببێتە یەکێک لەو هۆکارانەی کە رێگە لە گەشەی ئابووری وڵاتەکە بگرێت.
ساڵی رابردوو گەشەی ئابووری چین 5.2 بووە، بەڵام ئەم ساڵ هۆشداری لە کەمبوونەوەی دەدرێت.
جێگری بەڕێوەبەری کارگێڕی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەڵێت: "لەماوەیەکی مامناوەنددا چاوەڕێ دەکرێت ئابووری چین تەنیا 3.3٪ گەشەسەندن بەخۆیەوە ببینێت، ئەوەش بەهۆی پیربوونی دانیشتوان و خاوبوونەوەی گەشەی بەرهەمهێنان. چین رووبەڕووی ئاستەنگی دارایی بەرچاو دەبێتەوزە، بەتایبەتی بۆ حکومەتە خۆجێیەکان."
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی حکومەتی چین بڵاویکردوونەتەوە، لەنێوان گەنجانی تەمەن 16 تاوەکو 24 ساڵی ئەو وڵاتە، زیاتر لە 6 ملیۆنیان بەتەواوەتی بێکارن، نزیکەی 33 ملیۆنیان لە پسپۆڕییەتێکی جیا لەوەی خۆیان کار دەکەن و 46 ملیۆنیشیان خوێندکارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ