رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، بانگهێشتی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی سوێدیان کردووە، سەبارەت بە "تۆمەتە بێ بنەما و پڕ رق و کینەی" ستۆکهۆڵم دژی وڵاتەکەیان.
رۆژی یەکشەممە 2ـی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هەڵسوڕێنەری کاروباری دەرەوەی باڵیۆزخانەی سوێد لەلایەن یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپاوە بانگهێشتکراوە.
پێنجشەممەی رابردوو، دەزگای هەواڵگریی سوێد رایگەیاندبوو "پۆلیسی سوێد تێبینیی کردووە؛ رژێمی ئێران تۆڕە تاوانکارییەکانی سوێد بۆ کردەی تووندووتیژی دژی وڵاتانی دیکە، گرووپەکان و ئەو کەسانەی لە سوێدن و ئێران وەکو هەڕەشە دەیانبینێت، بەکاردەهێنێت."
دەزگای هەواڵگریی سوێد ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئێران ئەو گرووپانە بەتایبەتی بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و جووەکان بەکاردەهێنێت.
رۆژی هەینی رابردوو، باڵیۆزخانەی ئێران لە ستۆکهۆڵم ئەو تۆمەتانەی دژی وڵاتەکەی رەتکردنەوە و لە راگەیێندراوێکدا گوتی "بەداخەوە هەندێک میدیای سوێد چەند تۆمەتێکی بێ بنەما و هەڵەی ژمارەیەک میدیا و دامەزراوەی نزیک لە رژێمی دڕندانە (ئیسرائیل)ـیان بڵاوکردووەتەوە."
ئەو گرژییانەی نێوان تاران و ستۆکۆڵم دوای ئەوە دێن؛ رۆژی 17ـی ئایار، پۆلیسی ستۆکهۆڵم رایگەیاند، دەنگی تەقە لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل بیستراوە. هەروەها ئاداری ئەمساڵیش، پۆلیس نارنجۆکی لە ناوچەیەکی سەر بە باڵیۆزخانەکەدا دۆزییەوە.
دوای راگەیاندنی تۆمەتەکان دژی تاران، تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد رایگەیاند "سوێد نابێتە شوێنێک بۆ بەرژەوەندییەکانی گرووپە تاوانکارییەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ