دۆناڵد ترەمپ هەژمارێکی تیکتۆکی تایبەت بەخۆی کردەوە

03-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەم خولە، هەژمارێکی تیکتۆکی تایبەت بەخۆی دانا و یەکەم ڤیدیۆی خۆی تێدا پۆست کرد. پێشتر ترەمپ یەکێک بوو لەوانەی پشتگیریی قەدەخەکردنی ئاپە چینییەکەی دەکرد لە ئەمریکا. 
 
رۆژی یەکشەممە، 02-06-2024 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری بەهێزی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەم ساڵی ئەمریکا، هەژماری خۆی لە تیکتۆک کردەوە و لە یەکەم ڤیدیۆی بڵاوکراوەیدا دەڵێت: "شەرەفەمەندم."
 
لە ڤیدیۆ 13 چرکەییەکەی ترەمپ کە ملیۆنان بینەری هەبووە، قاتێکی شین و بۆینباخێکی سووری لەبەردایە. ترەمپ ئامادەی پاڵەوانێتیی UFCـیە کە تایبەتە بە زۆرانبازی، لە ویلایەتی نیو جێرزی.
 
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ڤیدیۆکە لەگەڵ دانا وایت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای UFC دەردەکەوێت.
 
دوای 16 کاژێر لە دانانی، هەژمارەکەی ترەمپ لە تیکتۆک 2.5 ملیۆن فۆڵۆوەری زیادکرد و ڤیدیۆکەشی 40 ملیۆن بینەر [ڤیو]ـی هەبوو. ناوی بەکارهێنەری هەژمارەکەشی بە realDonaldTrmp (دۆناڵد ترەمپی راستەقینە) داناوە.
 
لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر پڕۆژەیاسایەک کرد بۆ قەدەخەکردنی تیکیۆک لە ئەمریکا. بایدن مەرجی ئەوەبوو یان ئاپەکە لە ژێر دەستی کۆمپانیای بایتدانسی چینی بهێندرێتە دەر و بدرێتە کۆمپانیایەکی ئەمریکی؛ یانیش ئاپەکە قەدەخە دەکرێت.
 
بەرپرسە ئەمریکییەکان ئەوکات گوتیان، کۆمپانیا چینییەکە بە مەبەستی سیخوڕی، داتای بەکارهێنەرە ئەمریکییەکان دەبات و کۆمپانیاکەش ئەوەی رەتکردەوە.
 
هێشتا بڕیارەکەی ئەمریکا جێبەجێ نەکراوە و چاوەڕێی بایتدانس دەکەن تیکتۆک بفرۆشێت، بەڵام ئەگەر جێبەجێبکرێت، 160 ملیۆن بەکارهێنەر بە ترەمپیشەوە لە تیکتۆک بێبەش دەبن.
 
لەماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپ لە 2016 بۆ 2020، جارێک ویستی هەمان هەنگاوی بایدن بگرێتەبەر و قەدەخەی بکات، بەڵام پێشنیازەکەی ترەمپ لە دادگە شکستی پێهێندرا و گوتیان "ئەمە دژی ئازادی رادەربڕینە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە