پێشبینی دەکرێت بۆ یەکەمجار ژنێک ببێتە سەرۆکی مەکسیک
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی مەکسیک لەبەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدان؛ دیارترین بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی وڵاتەکەش کلاودیا سەینباوم-ە و پێشبینی دەکرێت بۆ یەکەمجار ژنێک ببێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە.
کلاودیا سەینباوم، بەربژێر بۆ سەرۆکی مەکسیک رایگەیاند، "دەسەڵاتە ئابووری و سیاسییەکان بە شێوەیەکی گونجاو دابەش دەکەین و هیچ کامیان رادەستی هێزێکی بیانی ناکەین. 12یەم بەهێزترین ئابووریی جیهانین و گەشەسەندنی ئابووریمان لە سەروو پێشبینییەکانەوەیە."
سەینباوم بەربژێری پارتی مۆرینای چەپڕۆ، پارتی سەوز و پارتی کاری وڵاتەکەیەتی.
لە 127 ملیۆن دانیشتووی مەکسیک، 100 ملیۆنیان مافی دەنگدانیان هەیە. کلاودیا رکابەری لەگەڵ شۆچیل غالڤێز و خۆرخێ ئەلڤارێز ماینێز دەکات، کە لەلایەن چەند پارتێکی سیاسییەوە پاڵپشتییان دەکرێت. بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان، کلاودیا 55%ی دەنگەکان، شۆچیل 34%ی دەنگەکان و خۆرخێ ئەلڤارێزیش 11%ی دەنگەکان دەبەنەوە.
ژنانی وڵاتەکە بە گرنگییەوە لەم هەڵبژاردنە دەڕوانن. ئارانزا سانتیستیڤان، هاووڵاتیی مەکسیکی دەڵێت، "پێموایە پێویستمان بە سەرۆکێکی ژنە، بەڵام پێموایە پلانەکانی کلاودیا سەینباوم بەشێکن لە پلانەکانی ئۆبرادۆری سەرۆکی پێشوو. هیواخوازم کە پلانی نوێ و جیاوازی لێ ببینم."
مەکسیکییەکان نزیکەی 20 هەزار بەرپرسی دیکە، لەوانە شارەوانیی ویلایەتەکان و ئەنجوومەنی پیران هەڵدەبژێرن؛ کە 70 هەزار بەربژێر رکابەریی لەسەر دەکەن. پیاوان بۆچوونێکی جیاوازیان لەبارەی هەڵبژاردنی ژنەوە هەیە.
جێسیکا کروز، هاووڵاتیی مەکسیکی دەڵێت، "بە لەبەرچاوکردنی دۆخی ئێستای مەکسیک، پێموایە بەهۆی دیاردەی رقلێبوونەوە لە ژنان، ئامادە نین سەرۆکێکی ژنمان هەبێت. خەڵکێکی زۆر دەنگ بە پیاو دەدەن، چونکە نایانەوێت لەلایەن ژنێکەوە نوێنەرایەتییان بکرێت."
ئەمشەو کاژێر 10:00 بە کاتی مەکسیک، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە رادەگەیێندرێت. 1ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ سەرۆکی هەڵبژێردراو بۆ ماوەی شەش ساڵ دەستبەکار دەبێت.