کۆنگرێسی ئەمریکا بەرزکردنەوەی ئاستی قەرزەکانی وڵاتەکەی پەسندکرد

02-06-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە دوای چەندین هەفتە لە مشتومڕ و ناکۆکیی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لەبارەی بە بەرزکردنەوەی "ئاستی رێگەپێدراوی قەرزەکان"ـی تایبەت بە حکومەتی ئەمریکا، دواجار کۆنگرێس بە زۆرینەی دەنگ، پڕۆژەکەی پەسندکرد.
 
رۆژی پێنجشەممە، 1-6-2023 ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای بەرزکردنەوەی ئاستی قەرزەکانی وڵاتی بە بڕی 31 ترلیۆن و 400 ملیار دۆلار پەسندکرد، بەو جۆرەش حکومەتی لەو لەکارکەوتنە رزگارکرد کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشداری لەبارەوە دابوو.
 
ئیدارەی بایدن پڕۆژەیاسای بەرزکردنەوەی قەرزەکانی حکومەتی بۆ 31.4 ترلیۆن دۆلار پێشکێشی کۆنگرێس کردبوو بۆ پەرەدان بە ژێرخانی ئابووری و پێشخستنی پیشەسازی و چەندین پڕۆژەی دیکە کە بە گوتەی کۆشکی سپی بابەتی سەرەکین بۆ رکابەریی چین و وەستان لەبەردەم "هەڕەشە ئابوورییەکانی."
 
زۆرینەی کۆماریی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران دژ بڕی پارەی تەرخانکراو وەستانەوە و بە خەرجکردنی لە "رادەبەدەر" ناوی برد و داوای کەمکردنەوەیان دەکرد.
 
ساڵانە حکومەتی ئەمریکا پشت بەو قەرزە فیدراڵییانە دەبەستێت بۆ دابینکردنی خەرجییە حکومییەکانی لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و بەڕێوەبردنی دامەزراوە حکومییەکانی تاوەکو دەگاتە بابەتی ئەمن و ئاسایش و بەرگری.
 
لەدوای پەسندکردنی پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە لە رۆژی چوارشەممە، ئەنجوومەنی پیران لە رۆژی پێنجشەممە بە 63 دەنگ لە بەرامبەر 36 دەنگ پڕۆژەیاساکەی پەسند کرد و بڕیارە رۆژی دووشەممە 5-6-2023 بخرێتە بەردەم بایدن بۆ واژۆکردنی و چالاککردنی وەک یاسا.
 
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا زیاتر لە 10 هەمواری رەتکردەوە کە لە لایەن دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بەرزکرابوونەوە.
 
لە کاتێکدا دیموکراتەکان بەرگرییان لە ئاستی قەرزەکان دەکرد و بە پێویستیان دادەنا بۆ پەرەدان بۆ ئابووریی ئەمریکا، کۆمارییەکان خەرجییەکانیان بە "بێ سوود" و "ناپێویست" دەزانی.
 
بەرزکردنەوەی ئاستی قەرزەکانی ئەمریکا رێگە بە حکومەت دەدات تاوەکو یەکەم رۆژی ساڵی 2025، پارە قەرز بکات و کاروبار و خەرجییەکانی بەڕێوەبردنی وڵات دابین بکات.
 
پەسندکردنەکە لە دوای چەندین خولی دانوستاندن لەنێوان بایدن و کیڤن ماکارسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی زۆرینە کۆماری هات و تێیدا هەردوولا رازی بوون لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی قەرزەکانی حکومەت بۆ دوو ساڵ لە بەرامبەر کەمکردنەوەی هەندێ خەرجی و چاکسازیی دارایی.
 
پڕۆژەیاسای پەسندکراو سنوورێك لەسەر هەندێ لە خەرجییەکان دادەنێت جگە لە خەرجییە سەربازییەکان کە بڕی 886 ملیار دۆلار بۆ ساڵی 2024 بۆ تەرخانکراوە و 3٪ زیاترە لە خەرجییەکانی 2023 و بۆ ساڵی 2025 دەبێتە 895 ملیار دۆلار، کە ئەمەش %1ـی زیاترە لە خەرجییەکانی 2024.
 
هەروەها 10 ملیار دۆلار تایبەت بە کاروباری باج و نوێکردنەوەی سیستەمەکەی لە پڕۆژەکەی بایدن کەمکرایەوە.
 
خەرجییەکانی تایبەت بە بەرنامە نا-سەربازییەکان لەنێویاندا دارستان و لێکۆڵینەوەی زانستی بۆ ساڵی 2024ی کەمکراوەتەوە.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە هەنگاوەکەی کۆنگرێس کرد و لە تویتەر نووسی ئێستا ئەنجوومەنی نوێنەران لە هەردوو پارت دەنگیان بۆ بەرگریکردن لە بەرەوپێشچوونی ئابووری دا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.