جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە دۆنێتسک چڕدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەربازێکی رووسی لەنێو باڵەخانەیەکی زیانبەرکەوتووی شارۆچکەی ماریانکا لە هەرێمی دۆنێتسکی ئۆکراینا لە ئەرکدایە، ئەوەش وەک بەشێک لە هەوڵی سوپای وڵاتەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی دۆنێتسک، لەوێوە رووبەڕووی "دووژمنەکەی" وەستاوە و سەربازی ئۆکراینی دەکاتە ئامانج.
 
ئەلفا ناوی ئەو سەربازە رووسیەیە، دەڵێت نیشانشکێنەکەی یەکێکە لە جۆرە پێشکەوتووەکان کە بێدەنگە و گڕی فیشەکەکەشی دەرناکەوێت، بۆیە بە ئاسانی دووژمنەکەی دەپێکێت، "بە زۆری لە رێگەی پارچەی تایبەت بە شاردنەوە گڕی فیشەکەکە دەشارینەوە؛ هەروەها دەنگەکەشی نامێنێت. هەروەها هەوڵدەدەین لە پشتەوەی باڵەخانەکەوە بووەستین تاوەکو نەبینرێین."
 
سەربازانی رووسی نەک تەنیا لە رێگەی نیشانشکێنەوە بەڵکو درۆن و چەکی پێشکەوتووش بۆ دیاریکردن و پاشان بە ئامانجگرتنی فڕۆکە، درۆن و سیستمی بەرگریی ئۆکراینییەکان لە هەرێمی دۆنێتسک بەکاردەهێنن.
 
ئەو هەرێمەی هەر لایەنێک بە تەواوی لەدەستی بدات یان کۆنترۆڵی بکات، دەکرێت خاڵی کۆتایی لەبەردەم چیرۆکی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دابنێت.
 
هەرچەندە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئۆکراینا بانگەشەی زۆر بۆ هێرشی پێچەوانە بۆ سەر پێگەکانی رووسیا لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەکات، رووسیا بەردەوام پێشڕەوی نوێ رادەگەیێنێت.
 
ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاش بەردەوامن لە پێشکێشکردنی هاریکاریی نوێ بە ئۆکراینا و چاوەڕێن کیێڤ لە بەرامبەر ئەو بودجە زۆرەی بۆیان خەرجکردووە، دۆڕانێکی کوشندەی سوپای رووسیایان لە هەرێمی دۆنباس بۆ بکاتە دیاری.