رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی پێکدادانی سێ شەمەندەفەر لە هەرێمی ئۆدیشای رۆژهەڵاتی هیندستان زیاتر لە 120 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 850 کەسی دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە رۆژی هەینی 2-6-2023 بە دووریی 200 کیلۆمەتر لە شاری بالاسۆری ناوەندی هەرێمی ئۆدیشا روویدا و بەرپرسانی هەرێمەکەش دەڵێن، لانیکەم 120 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 850 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئامیتا شارما، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی هێڵی شەمەندەفەری هیندستان رایگەیاند، رووداوەکە لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان دوو شەمەندفەری سەرنشین هەڵگر روویداوە و ئاماژەی بەوەشکرد، شەمەندەفەری سێیەم تایبەت بووە بە گواستنەوەی شمەک و لە شوێنی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەکەی دیکەدا وەستاو بووە.
دوای رووداوەکە، تیمەکانی تەندروستی رەوانەی ناوچەکە کران بە مەبەستی یارمەتیدانی برینداران و ئامانجەکەش ئەوەیە رێگە لە زیادبوونی ژمارەی مردووەکان بگرن.
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە رێگەی تویتەرەوە رایگەیاند، بە رووداوەکە خەمبارە و وەزیری گواستنەوەی راسپاردووە ئەوەی پێویست بێت بیکات.
مردن و برینداربوون لە هیندستان لە ئەنجامی رووداوی تایبەت بە شەمەندەفەر کەم نییە، بەڵام چەند ساڵێکە وەبەرهێنانی گەورە لە پڕۆژەکانی گواستنەوە کراوە و ئەوەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی ژمارەکە ساڵ دوای ساڵ کەمتر بێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ