جەنگی ئۆکراینا، مالیزیا ناچار بە وەستاندنی هەناردەکردنی مریشک دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەستاندنی هەناردەکردنی مریشکی مالیزی بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە، سەنگاپووری تووشی قەیران کردووە، بەشێوەیەک کە بەشێک لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە نۆرەدا بۆ کڕینی ژەمێک لە گۆشتی مریشک و برنج وەستاون.
 
جێفری یام، دانیشتووی سەنگاپوور دەڵێت، "بابەتەکە جیهانییە. بەداخەوە مالیزیا بڕیاریداوە هەناردەی مریشک بۆ دەرەوەی وڵات بوەستێنێت، ئەمە کاریگەریی گەورەی لەسەر ئێمەی سەنگاپووری دەبێت."
 
هەموو مانگێك مالیزیا نزیکەی چوار ملیۆن مریشک هەناردەی دەرەوە دەکات، سەرووی ملیۆنێك و 300 هەزاری بەر بازاڕەکانی سەنگاپوور دەکەوێت.
 
مالیزیا پێشبینی دەکات لە داهاتوویەکی نزیکدا قەیرانی خۆراک لە جیهاندا دروست ببێت، بۆیە هەناردەی مریشکی قەدەخە کردووە.
 
سومیت ئاگاروال، شارەزای ئابووری لە سەنگاپوور دەڵێت، "روونە کە بڕیاری حکومەتی مالیزیا پشتی بە خوێندنەوە بۆ بارودۆخی سیاسی و دەرهاویشتەکانی شەڕی ئۆکراینا لەسەر بازاڕەکانی جیهان بەستووە، ئەوان پێشبینی دەکەن قەیران دروست ببێت، بۆیە دەیانەوێت پێشوەختە رێگری لە کورتهێنانی مریشک لە بازاڕە ناوخۆییەکانی مالیزیادا بکەن."
 
بەر لە دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا، نرخی یەک کیلۆ گۆشتی مریشک لە بازاڕەکانی کولالامپوری پایتەختی مالیزیا کەمتر لە دوو دۆلار بوو، بەڵام ئێستا لە چوار دۆلار نزیکبووەتەوە؛ بازاڕی هێلکە و بەرهەمەکانی شیریش لانیکەم بە رێژەی لە 2% گرانتر بوون.
 
ئێما حافیز، دانیشتووی مالیزیا ئاماژە بەوە دەکات، "پێموایە ئەم بڕیارە تاوەکو چەند مانگێکی دیکە بەردەوام بێت، شەڕی ئۆکراینا بازاڕەکانی جیهانی تووشی شڵەژان کردووە، نرخی خۆراک گران بووە و نازانین بەرەو کوێ هەنگاو دەنێین."
 
شەڕی ئۆکراینا کشتوکاڵی ناوچەکەی سست کردووە و بەندەرەکانی ئەو وڵاتەی داخستووە؛ نرخی سووتەمەنی بەرزتر بووەتەوە و متمانەی وەبەرهێنەران بە داهاتووی بازاڕەکانی کەمکردووەتەوە. هەموو ئەوانە هەڵسەنگاندنی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەئاست زنجیرەی دابینکردنی خۆراکی جیهانی رەشبین کردووە و پێشبینی دەکات سەرهەڵدانی کارەساتی خۆراک بەتایبەتی لە ئەفریقیا و ناوچە هەژارەکانی دیکەی جیهان، تەنیا بە کاتەوە بەسترابێتەوە.