فەرەنسا دادگاییکردنی تۆمەتبارانی هێرشەکەی شاری نیس دەخاتە ساڵی داهاتوو

 
رووداو دیجیتاڵ

پێنج ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی باستیلدا هێرشێک لە شاری نیس ئەنجامدرا و تێیدا دەیان کەس کوژران. فەرەنسا بڕیاریدا هەشت کەس کە تۆمەتبارن بەوەی پەیوەندییان بە هێرشەکەی ساڵی 2016ی شاری نیسی وڵاتەکەیەوە هەیە، لە ساڵی 2022دا دادگاییان بکات. 
 
محەمەد لێحولێج بوهیلال، کەسێکی تونسی 31 ساڵان بوو، 14ی تەممووزی 2016 بە بارهەڵگرێکەوە خۆی بەنێو قەرەباڵخییەکدا کرد، کە خەڵک بەبۆنەی رۆژی نیشتمانیی فەرەنساوە ئاهەنگیان دەگێڕا. لە هێرشەکەدا 86 کەس کوژران کە نزیکەی 15یان منداڵ بوون.
 
رێکخراوی بەناو "دەوڵەتی ئیسلامی" ناسراو بە داعش، ئەوکات بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند، ئەگەرچی لێکۆڵەرەکان هیچ بەڵگەیان نەدۆزییەوە کە نیشانی بدات بوهیلال پەیوەندیی بە گرووپە پەڕگیرەکەوە هەبووبێت.
 
هێرشکارەکە لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێ کرا و کوژرا، دواتر لێکۆڵەران فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ حەوت پیاو و ژنێک دەرکرد کە پەیوەندییان بە هێرشکارەکەوە هەبووە.
 
سیان کە تۆمەتبارەکان بە گومانلێکراوی سەرەکی دانران کە ناویان محەممەد غرەیب، شوکری شەفرود و رەمزی عاریفە و بە تۆمەتی بوونی "پەیوەندیی تاوانکاری" لەگەڵ بوهیلالدا دادگایی دەکرێن.
 
ساڵی 2019، غرەیب ئازادکرا، بەڵام لەژێر چاودێریدا هێڵدرایەوە. هەرسێ گومانلێکراوەکە رەتیدەکەنەوە هیچ کارێکی هەڵەیان کردبێت، لێکۆڵەرانیش تاوەکو ئێستا بەو ئەنجامە گەیشتوون کە ئەو سێ کەسە هیچ ئاگایان لە پلانەکەی بوهیلال نەبووە.
 
پێنجەکەی دیکە بە تێوەگلان لە بەقاچاخبردنی چەک و هەوڵدان بۆ پێدانی چەک بە بوهیلال تۆمەتبار کراون، بەڵام هیچ تۆمەتێکی تیرۆریان نەخراوەتەپاڵ.
 
یەکێکیان ناوی ئێندری ئیلێزییە، بە رەچەڵەک ئەلبانییە، مانگی نیسانی ئەمساڵ، دوای چەندین ساڵ لە راکردن، لە ئیتاڵیا دەستگیرکرا. لە مانگی ئایاردا و لەکاتی دیپۆرتکردنەوەی تۆمەتەکانی رەتکردنەوە.
 
ئامۆزاکەی کە بە تێوەگلان لە کەیسەکە تۆمەتبار کرابوو، حوزەیرانی ساڵی 2018 لە زیندان خۆی کوشت. گومانلێکراوێکی دیکە خۆی شاردووەتەوە و بڕیارە بەبێ ئامادەبوون، لەگەڵ ئەوانی دیکە لە 5ی ئەیلوولی 2022 دادگایی بکرێت. بڕیارە دادگاییکردنەکە 10 هەفتە بخایێنێت و 15ی تشرینی دووەم کۆتایی بێت.