پۆلیسی بەریتانیا دەستیکرد بە دەستگیرکردنی کۆچبەران تاوەکو بیاننێرێت بۆ رواندا
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بەریتانیا کۆڵان بە کۆڵانی شاری لەندەنی پایتەخت بە دوای کۆچبەرانی نایاساییدا دەگەڕێن، ژمارەیەکیان دەستبەسەر دەکەن و دەیانگوازنەوە بۆ سەنتەرەکانی مانەوە، تاوەکو ئامادەیان بکەن و رەوانەی رواندایان بکەن.
بەریتانیا رایگەیاندووە لەپلانیدایە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، پێنج هەزار و 700 کۆچبەر رەوانەی رواندا بکات. تائێستا دوو هەزار و 143 کۆچبەر ۆ ئەو مەبەستە دەستبەسەر کراون.
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، "من هەموو سەرنجم لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی رواندایە. دەمەوێت ئەو بەرنامەیە سەرکەوتوو بێت و پەیامێک بێت بۆ کۆچبەران، کە ئەگەر بێنە ئەم وڵاتە بە نایاسایی، ناکرێت بمێننەوە. ئەوان دوو رێگەیان لەبەردەمە: یەکێکیان ناردنەوەیە بۆ وڵاتەکەی خۆیان ئەگەر سەلامەت بوو، یان رەوانەی رواندا دەکرێن."
یەکەم کۆچبەر بە ئارەزووی خۆی رۆژی چوارشەممە رەوانەی رواندا کرا و حکومەتی بەریتانیا سێ هەزار پاوەندیشی پێدا. بڕیارە لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵ یەکەم کاروانی کۆچبەران رەوانەی رواندا بکرێت.
ئەو هەنگاوەی بەریتانیا ترسی خستووەتە دڵی کۆچبەرانەوە و زۆرێک لە کۆچبەران بەوهۆیەوە بەرەو ئێرلاند هەڵهاتوون.
جاد حەمرانە، یەکێکە لەو پەناخوازانەی هەڵاتووە، دەڵێت: "من دەترسێم و گوێم لێبوو کە خەڵکێکی زۆر رەوانەی رواندا دەکەن، بۆیە لە ترسان هەڵهاتم و هاتمە ئێرلاند."
حکومەت رایگەیاندووە، جێبەجێکردنی بەرنامەی رواندا بۆ ئەوەی کۆچبەران سارد بکەنەوە روو لە بەریتانیا نەکەن، بەگوێرەی ئاماری حکومەت لە سەرەتای ساڵەوە زیاتر لە حەوت هەزار 500 کۆچبەر چوونەتە بەریتانیا و لەو ماوەیەشدا 15 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز خنکاون.