ئەمریکا بۆ دەستنیشانکردنی مین و تەقەمەنی راهێنان بە جرج دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

جرج کە زۆربەی مرۆڤەکان و بەتایبەتی ژنان حەز بە چارەی ناکەن، لە باخچەی ئاژەڵانی سان دیێگۆی ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا خراوەتە خولێکی راهێنانەوە بۆ دۆزینەوەی مین و تەقەمەنیی دیکە.
 
چاودێرانی باخچەی ئاژەڵانی سان دیێگۆ پێچەوانەی زۆربەی خەڵک، پێیانوایە جرج ئاژەڵێکی ژیکەڵە و جوانە و لە چەندین بواردا دەتوانێت هاوکاریی مرۆڤ بکات.
 
روونا، ناوی جرجێکە لە باخچەی ئاژەڵانەکە، لە تەنزانیاوە هێندراوە و لە سان دیێگۆ مەشق وەردەگرێت و نازناوی "باڵیۆزی ئاژەڵانیان" پێ بەخشیوە.
 
کاری ئینسێرا، شارەزا لە ژیانی گیانەوەرە کێوییەکان لە باخچەی ئاژەڵانی سان دیێگۆ دەڵێت، "ئەوەی زۆر لە روونا وەکو باڵیۆزی گیانداران بەدڵمە ئەوەیە کە هەرچەند زۆر خەڵك وا بیردەکەنەوە جرج گیاندارێکی ناشرین و پیسە، بەڵام کە روونا دەبینن، نەک تەنیا زەبەلاحە، بەڵکو ژیر و ژیکەڵەیە و توانای هەیە ببێتە دۆستی خەڵک و رای خەڵک لەسەر ئەو بوونەوەرە بگۆڕێت، وەکو پێویستیش قەدری نەزانراوە. لە هەمانکاتدا دەتوانێت کاری گەورە بکات بۆئەوەی پارێزگاری لە ژینگە بکات."
 
شارەزایان لە باخچەی ئاژەڵانی سان دیێگۆ جرجەکە دەخەنە سەر سندووقێک و سێ بۆ چوار توورەکەی بۆ دادەنێن، جرجەکە هەڵە ناکات و هەمیشە توورەکە گوماناوییەکە دەدۆزێتەوە؛ بەڵام ئەم جرجە تایبەتمەندییەکی هەیە، هەرگیز بەبێ کرێ و پاداشت کار ناکات، هەر ئەرکێک بەجێبهێنێت دەبێت جۆرە شیرمۆزێک بخواتەوە.
 
کاری ئینسێرا ئەوەشی خستەڕوو، "زۆر گرنگە پەیوەندی لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵاندا دروستبکەیت. ئەگەر بمانەوێت خەڵک گرنگی بە ژینگە و گیانەوەرانی دیکە بدەن، کە مامەڵەیان لەگەڵ یەکدیدا هەیە، گرنگە ئەو پەیوەندییە کەسییە هەبێت کە زۆربەی خەڵک ناتوانن دروستی بکەن."
 
بەلاتەوە سەیر نەبێت هەر لەو باخچەی ئاژەڵانەی سان دیێگۆ، راهێنان بە جرج دەکرێت نەخۆشیی سیل دەستنیشان بکات و بازرگانیکردنیش بە گیانداران ئاشکرا بکات، دوو لە چەندین توانا و بەهرەی دیکە، کە لە داهاتوودا جرج لە ئەستۆی دەگرێت.