سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا بە بردنی نەعل و بەفیڕۆدانی پارە تۆمەتبار دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا بە بەفیڕۆدانی پارە و بردنی بەشێک لە کەلوپەلی یەکێک لە کۆشکەکانی بەریتانیا تۆمەتبار دەکرێت و داوا دەکرێت 12 هەزار پاوەند بۆ کۆشکەکە بگەڕێنێتەوە. 
 
یەکێک لە کۆشکەکانی بەریتانیا، داوا لە لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا دەکات، کە 12 هەزار پاوەند قەرەبووی کۆشکەکە بکاتەوە لەبەرامبەر بەکارهێنانی کۆشکەکە بۆ مەبەستی تایبەتی و دیارنەمانی بەشێک لە پێداویستییەکانی کۆشکەکە لە ساڵی 2022، کاتێک کە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بووە.
 
بەگوتەی سەرپەرشتیارانی کۆشکەکە، لیز تۆمەتبارە بەوەی کاتێک لە کۆشکی چیڤنینگ لە شاری کێنت لە بەریتانیا ماوەتەوە لەو ماوەیەدا لە "کۆشکەکە چەند خاولییەک و نەعلێک لە کۆشکەکە دیارنەماون و خواردن و خواردنەوەی زۆریش دراوەتە میوانە نافەرمییەکان".
 
رۆژی یەکشەممە، 29ـی نیسانی 2023، گوتەبێژێک بەناوی لیز ترەس رایگەیاند "لیز بەردەوام تێچووی میوانەکانی خۆی لە ئەستۆی خۆی بووە، لەکاتێکدا نابێت لەسەر ئەرکی خۆی خەرجی میوانە فەرمییەکان دابین بکات".
 
هاوکات، حکومەتی بەریتانیا دەڵێت "تێچوو و خەرجییەکانی کۆشکەکە، پرسێکە پەیوەندی بە کۆشکەکە خۆیەوە هەیە".
 
کۆشکی چیڤنینگ، کۆشکێکی تایبەتی دامەزراوەی چیڤنینگە کە دامەزراوەیەکی تایبەتی بەریتانییە، وەکو نەریتێک کۆشکەکە لەلایەن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ کاروباری فەرمی بەکاردەهێندرێت.  
 
لیز ترەس، سیاسەتمەدارێکی بەریتانییە، لە کابینەکەی پێشووی حکومەتی بەریتانیا وەزیری دەرەوە بووە و لە ئەیلوولی 2022 سەرکردایەتی پارتی پارێزگارانی بەریتانیای گرتەدەست و بۆ ماوەی شەش هەفتە بووە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و لە 25ـی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا دەستی لەکارکێشایەوە.