شەڕی ناوخۆی سوودان؛ بەشێک لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی خەرتووم تاڵان کراون

 
رووداو دیجیتاڵ

نەخۆشخانەکانی سوودان بەهۆی شەڕی ناوخۆوە زیانی زۆریان پێگەیشتووە و بەشێکیان هیچ کەلوپەلێکی تەندروستی و دەرمانیان تێدا نەماوە؛ ئاگربەستیش تاوەکو ئێستا بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە.
 
مەجزووب سەعید ئیبراهیم، پزیشکی سوودانی دەڵێت، "پزیشکەکان هێشتا خۆڕاگرن و کار دەکەن، بەڵام ئەوەی دەیزانم و بەگوێرەی پشکنینی کۆگا تەندروستییەکان و پەیوەندییە تایبەتییەکانم، ئەو دۆخە ناتوانرێت تاوەکو هەفتەیەکی دیکە بەردەوام بێت و ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە."
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهان، زیانەکانی جەنگە نێوخۆییەکەی سوودان بووەتە هۆی لەکارکەوتنی 61%ی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی خەرتوومی پایتەخت، تەنیا 16%ی نەخۆشخانەکانی کار دەکەن.
 
تائێستا، بەپێی ئەو رێکخراوە، هەشت هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەکان تۆمار کراون و زیانیان پێگەیشتووە. تائێستاش رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەشت تۆن دەرمان و پێداویستیی تەندروستیی گەیاندووەتە سوودان. ئەمەش لە کاتێکدایە، زیاتر لە 15 ملیۆن سوودانی پێویستیان بە هاوکاریی سەرەتاییە.
 
شەڕی نێوخۆی سوودان پێی ناوەتە سێیەم هەفتە، بەشێک لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانیش تاڵان کراون. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە پلانیدایە بە زووترین کات هاوکاریی زیاتر بگەیێنێتە وڵاتەکە.
 
د. ئەحمەد مەنزەری، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "تاوەکو پێش ئەم قەیرانەش، ئەوە روون بوو کەوا سیستمی چاودێریی تەندروستیی سوودان رووبەڕووی چەندین ساڵی زەحمەت بووەتەوە و ئەمەش وایکرد ژێرخانەکەی لاواز ببێت، لەنێویشیاندا نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی سوودان لە هەموو ئاستەکان."
 
لە سەرەتای ئەمساڵدا رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، بەنیازن نزیکەی ملیارێک و 700 ملیۆن دۆلار کۆبکەنەوە بۆ هاوکاریکردنی سوودان، بەڵام تائێستا تەنیا 13%ی ئەو بڕە کۆکراوەتەوە.