تایلەند.. لە فیستیڤاڵێکدا مووشەک بەکاردەهێنرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

فیستیڤاڵی لووک نۆن لە شاری پاسووم تانی باشووری تایلەند بەڕێوەچوو. مووشەک تەقاندن لەو رۆژەدا بەشێکە لە نەریتی هۆزی مۆنی ئەو وڵاتە. 
 
ئەو مووشەکانە بە داری بامبو دروستکراون و دواتر بە کبریت پڕکراونەتەوە. ئەوەش گڕدانی پەرستگەکانە کە وەک رێزێک لە خزمەتکارانی پەرستگا بودییەکان دەبینرێت. 
 
ئەو فیستڤاڵە چەند ساڵێکە گەورە بووە و بووەتە رۆژێک بۆ کێبڕکێکردن لەسەر دروستکردنی باشترین مووشەکی بامبو و خاوەن باشترین مووشەکیش بە 440 دۆلار خەڵات دەکرێت.
 
لە رێگای پەتێکەوە مووشەکەکان ئاڕاستەی ئامانجەکان دەکرێن. ئەتاپۆڵ کۆنگکام، بەشداربوویەکی پێشبڕکێکەیە و دەڵێت، "پەتەکە تاوەکو ئاستێکی گونجاو بۆ رۆکێتەکانمان بەرزدەکەینەوە. بۆ هەر جارێک بەرزیی مووشەکەکە رێکدەخەینەوە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ئامانجەی کە ئێمە دەمانەوێت."
 
تیمێک چاودێری پێشبڕکێکە دەکات. لەگەڵ هەر لێدانێکی ئامانجەکە خاڵێک بۆ بەشداربوو دەنووسرێت. ئەو رۆکێتانەی تێکدەشکێن، دروستکەرەکەیان لە پێشبڕکێکە دووردەخرێتەوە. 
 
پرا سامران تاماڤارۆ، سەرپەرشتیاری پێشبڕکێکەیە و دەڵێت، "بەشێک لە بەشداربووان کە دەیانەوێت رۆکێتەکانیان خێراترین بن، ماددەی تەقەمەنیی زیاتر بەکاردەهێنن، ئەوەش بۆ ئەوەی مووشەکەکە مەودایەکی زۆر بڕوات."
 
دوو ساڵ بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەو فێستڤاڵە بەڕێوەنەدەچوو، بەڵام ئەمساڵ چەندین کەس و تیم بەشداری کێبڕکێکە بوون.