رووداو دیجیتاڵ
لە قوتابخانەیەکی باکووری شاری هێلسنکی پایتەختی فینلاند، قوتابییەکی 12 ساڵ تەقەی لە ژمارەیەک قوتابی کرد و بەو هۆیەوە قوتابییەک کوژرا و دووانی دیکەش بریندار بوون.
پۆلیسی فینلاند رۆژی سێشەممە 2-4-2024 رایگەیاند، قوتابییەکی تەمەن 12 ساڵان لە قوتابخانەیەکی باکووری شاری هێلسنکی، تەقەی لە ژمارەیەک قوتابی کرد و لە ئەنجامدا یەکێک لە هاوڕێ قوتابییەکانی کوشت و دووانی دیکەشی بریندار کرد.
قوتابخانەکە لە شاری ڤەنتایە کە کەوتووەتە باکووری پایتەختی ئەو وڵاتە و نزیکەی 800 قوتابی و 90 مامۆستا و ستافی هەیە.
پۆلیسی شاری ڤەنتا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەمڕۆ نزیک کاژێر 9ی سەر لەبەیانی، رووداوێکی تەقەکردن لە قوتابخانەیەک روویدا و لە ئەنجامدا قوتابییەکی پۆلی شەش گیانی لەدەستدا".
پۆلیس هەروەها رایگەیاند، بریندارەکانیش هاوشێوەی تەقەکارەکە تەمەنیان 12 ساڵە.
پۆلیسی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی تەقەی لە قوتابییەکان کردووە، تەقەکەرەکە راستەوخۆ لە قوتابخانەکە هەڵاتووە و دوای کاژێرێک لە ناوچەیەکی دیکە پۆلیس دەستگیری کردووە و هەر لەوێ دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
پۆلیس ئەوەشی راگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی تەمەنی قوتابییەکە ناگاتە تەمەنی زیندانیکردن، بۆیە زیندانی ناکرێت و بڕیارە رادەستی چاکسازییە کۆمەڵایەتییەکانی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ