رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، واشنتن زانیاری پێشوەختەی لەبارەی هێرشەکەی دیمەشق نەبووە و گوتیشی، بە ئێرانیان راگەیاندووە کە لە هێرشەکەدا بەشدار نەبوون.
رۆژی سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، "لە رێگەی کەناڵێکی تایبەتەوە بە ئێرانمان راگەیاند کە بەرپرس نین لەو هێرشەی لە دیمەشق کرا".
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەوەشی راگەیاند، "ئەوە دووپاتدەکەینەوە کە ئەمریکا لە هێرشەکەدا بەشدار نەبووە؛ هەروەها هیچ زانیارییەکی پێشوەختەمان لەبارەی هێرشەکە نەبووە".
رۆژی دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرایە ئامانج و بە تەواوی خاپوور بوو.
دوای هێرشەکە، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی حەوت کەس لە فەرماندە و راوێژکارانی سەربازیی خۆی لە سووریا پشتڕاستکردەوە.
میدیای فەرمیی ئێرانیش ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی سەر باڵەخانەی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق گەیشتوەتە 13 کەس، لەنێویاندا حەوت بەرپرس و ئەندامی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەن.
بە گوێرەی راگەیێندراوی سوپای پاسداران، لە هێرشەکەدا دوو فەرماندەی باڵایان بە ناوەکانی محەممەدڕەزا زاهیدی و محەممەدهادی حاجی رەحیمی و پێنج ئەفسەری دیکە کە وەک راوێژکاری باڵای سەربازیی لە سووریا بوون، کوژراون.
رۆژی سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و گوتی "هێرشە تیرۆریستییەکە"ـی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا "بێ وەڵام نابێت".
ئیسرائیل بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سوریا، سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا.
بەرپرسانی ئیسرائیل چەندینجار رایانگەیاندووە، رێگە نادەن ئێران و گرووپە نزیکەکانی پێگەی خۆیان لە سووریا بەهێز بکەن، بە تایبەتی لەو ناوچەیەی نزیکە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە.
ئیسرائیل لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە هێرشەکانی چڕ کردوونەتەوە و لانیکەم 50 هێرشی کردووەتە سەر سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ