لە هێرشێکی ئیسرائیلدا 7 کارمەندی رێکخراوە مرۆییەکان لە غەززە کوژران
رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل کاروانی یەکێک لە رێکخراوە مرۆییەکانی لە غەززە کردە ئامانج و بەو هۆیەوە لانیکەم حەوت کارمەندی رێکخراوەکە کوژران. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، بە ئامانجگرتنی کاروانەکە "بێ مەبەست" بووە.
رۆژی سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024، رێکخراوی World Central Kitchen کە رێکخراوێکی مرۆییە رایگەیاند، درەنگانی رۆژی دووشەممە، ئیسرائیل "هێرشێکی ئامانجداری کردە سەر کاروانێکی رێکخراوەکەمان".
لەبارەی ناسنامەی کوژراوەکان، رێکخراوەکە رایگەیاند، کارمەندەکانیان خەڵکی ئوسترالیا، پۆڵەندا، ئەمریکا و بەریتانیا و فەلەستین بوون.
رێکخراوەکە دوای رووداوەکە رایگەیاند، "هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کاروانەکەمان قبووڵکراو نییە" و گوتیشی، "ئەوەی روویدا هێرشە بۆ سەر ئەو رێکخراوە مرۆییانەی لەم کاتە هەستیارەی غەززەدا کار دەکەن".
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەو بارەوە گوتی، "بەداخەوە ئەمڕۆ کەیسێکی تراژیدی روویدا؛ هێزەکانمان بێ مەبەست خەڵکی بێتاوانیان لە غەززە کردە ئامانج".
کوژرانی ئەو کارمەندانەی رێکخراوە مرۆییەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەریتانیا سەرکۆنەی هێرشەی کرد و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش باڵیۆزی ئیسرائیلی لە لەندەن بانگهێشت کرد.
کۆشکی سپیش سەرەخۆشی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای بۆ کەسوکاری کوژراوەکان راگەیاند و گوتیشی، "دەبێت کارمەندانی رێکخراوە مرۆییەکان بپارێزرێن".
World Central Kitchen رێکخراوێکی مرۆییە و لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 37 ملیۆن ژەم خواردنی لە کەرتی غەززە دابەش کردووە.
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی UNRWAش دەڵێت، 173 کەس لە کارمەندانی رێکخراوەکە لە کەرتی غەززە کوژراون.