رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 5 هەزار کۆچبەر بە بەلەم لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
رۆژی سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە 751 کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا، بەوەش ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە گەیشتوونەتە وڵاتەکە گەیشتوەتە 5,435 کۆچبەر.
تاوەکو ئێستا ئەو ژمارەیە زۆرەی کۆچبەر بۆ بەریتانیا لە وەرزی زستاندا تۆمارنەکراوە، چونکە کۆچبەران لە زستاندا کەمتر کۆچ دەکەن.
ئامارەکە ساڵی رابردوو تاوەکو 2-4-2023 بەو جۆرە بوو کە 3,683 کۆچبەر چووبوونە بەریتانیا.
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا نیگەرانی خۆی لەبارەی ئەو ژمارەیەی کۆچبەران راگەیاند و گوتی، "ژمارەیەکی یەکجار زۆری خەڵک لە نۆکەندی ئینگلیز دەپەڕنەوە، ئەوەش بۆمان روون دەکاتەوە کە بۆچی دەبێت بە زووترین کات پلانی رواندا جێبەجێ بکەین".
لە ساڵی 2022دا 45 هەزار و 774 کۆچبەر چوبوونە بەریتانیا؛ لە ساڵی 2023ـدا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەم چووبوونە بەریتانیا 30 هەزار کەس بوو؛ پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ ژمارەکە بەرزبێتەوە.
بە گوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 1999ـەوە 376 کۆچبەر لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
لە حوزەیرانی رابردوودا دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ ناردنی کۆچبەرانی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بە "نایاسایی" ناساند و رایگەیاند، "رواندا وەکو وڵاتی سێیەم بۆ کۆچبەران سەلامەت نییە."
دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا گوتیشی، "ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا مەترسیدارە و دەبێتەهۆی ناردنەوەیان بۆ وڵاتی بنەڕەتیی خۆیان. هاوڕاین [لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ] لەوەی حکومەتی رواندا بە نیازێکی باشەوە هاتووەتە نێو رێککەوتنەکە، بەڵام پێمان وایە مەترسیی جیدی لەو وڵاتە بۆ سەر پەنابەران هەیە".
پلانی رواندا کە لە نیسانی 2022 هاتە ئاراوە، لەلایەن وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا کاری لەسەر کراوە.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی حکومەتی بەریتانیا، هەر کۆچبەرێک رەوانەی رواندا بکرێت، وەکو یەکەم هەنگاو زیاتر لە 133 هەزار دۆلار دەدرێت بە رواندا بۆ ئەوەی وەری بگرێت، هەروەها 28 هەزار دۆلار بۆ کرێی فڕۆکەکەی، 22 هەزار دۆلار خەرجیی پرۆسەی یاسایی هەر کۆچبەرێک دەبێت کە لە بەریتانیاوە دەگوازرێتەوە بۆ رواندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ