رووسیا: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 400 کیلۆمەترمان لە خاکی ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی رووسیا دەڵێن، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە سوپای وڵاتەکەیان 403 کیلۆمەتری دووجای لە ئۆکراینا خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
رۆژی سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024، سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 403 کیلۆمەترمان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆمان".
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیادا هاتووە، "هێزە چەکدارەکانی رووسیا بەردەوامن لەوەی بە ئاراستەی رۆژئاوا پاشەکشە بە یەکە ئۆکراینییەکان بکەن".
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگەی توێژینەوەی جەنگی ئەمریکی (ISW)، لە دوو ساڵی جەنگەکەدا رووسیا زیاتر لە 100 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە خاکی ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە کە دەکاتە یەک لەسەر پێنجی تەواوی خاکی ئۆکراینا.
لە ئایاری رابردووەوە کۆنترۆڵکردنی ئەڤدیڤکا بووەتە گەورەترین دەستکەوتی جەنگیی رووسیا.
رۆژی 17ی شوبات، سوپای ئۆکراینا کۆنترۆڵکردنی شاری ئەڤدیڤکای لە نێوەڕاستی هەرێمی دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا راگەیاند.
سوپای ئۆکراینا ئەو کات گوتی، رووبەڕووی کەمیی چەک و تەقەمەنی بوونەتەوە و ژمارەی سەربازەکانیان لە کەمبوونەوەدایە و هەربۆیە ناچاربوون پاشەکشە بکەن.
سوپای رووسیا دەیەوێت دەرفەتی کەمبوونەوەی هاوکارییەکانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا بقۆزێتەوە بۆئەوەی لە هەردوو بەری رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرایناوە پێشڕەوی بکات.
بەرپرسە سەربازییەکانی ئۆکراینا دەڵێن، پێویستییان بە 450 هەزار سەربازی دیکە هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامی بە جەنگەکە بدەن.
لە دەستپێکی جەنگەکەوە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بایی زیاتر لە 240 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراینایان کردووە و ئەوەش هۆکاری بەردەوامیی ئۆکراینا بووە لە بەرامبەر پێشڕەوی سوپا زەبەلاحەکەی رووسیا.
لە 24ـی شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا دەستپێکرد. ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپا هەر لە دەستپێکی جەنگەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاند و بە چەک و پارە یارمەتییان داوە. لە شوباتی ئەمساڵ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، دەبێت وڵاتانی رۆژئاوا لەوە تێبگەن کە ناتوانن لە ئۆکراینا شکست بە رووسیا بێنن.
رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلایڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە؛ لە ساڵی 2014شەوە نیمچەدوورگەی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بە خۆیەوە و بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەو جەنگەدا زیاتر لە 10 هەزار سڤیلی ئۆکراینی کوژراون.
بە مەزەندەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ئۆکراینی و لە بەرامبەریشدا لانیکەم 120 هەزار سەربازی رووسی و چەکداری ڤاگنەری رووسی لە ئۆکراینا کوژراون.