‌‌هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند؛ لە کۆی هەشت پارتی گەورە حەوتیان ژنان سەرکردایەتیی دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکشەممە 02-04-2023 هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند بەڕێوەدەچێت و حکومەتەکەی سانا مارین، کە هاوپەیمانییەکە لە پێنج پارتی چەپڕۆ و نێوانڕۆ پێکدێت، شەڕ لەپێناو مانەوە لە دەسەڵاتدا دەکات.
 
ئەمڕۆ 2,424 بەربژێر لە 22 پارتی سیاسی کێبڕکێ لەسەر 200 کورسیی پەرلەمانی فینلاند دەکەن. لێرەدا پێنج خاڵی جێی سەرنج هەن بۆ ئەوەی لەبارەی ئەو وڵاتەی ئەسکەندەناڤیاوە بزانیت.
 
1- ژن و دەسەڵات
 
لە کۆی هەشت پارتی گەورەی فینلاند، حەوتیان لەلایەن ژنانەوە سەرکردایەتی دەکرێن و فینلاند بە "یەکێک لە پێشکەوتووترین وڵاتی جیهان دادەنرێت لەڕووی یەکسانیی رەگەزییەوە."
 
کاتێک سانا مارین لە ساڵی 2019 دەسەڵاتی گرتە دەست، بووە سێیەم سەرۆکوەزیری ژن و سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکی پێنج پارتی کرد، کە هەر هەموویان لەلایەن ژنانەوە سەرۆکایەتی دەکران. ئەوەش سەردێڕی میدیا جیهانییەکانی تەنی.
 
پەرلەمانی فینلاند لە ساڵی 1907 بووە یەکەم پەرلەمان لە جیهاندا پەرلەمانتاری ژنی هەبێت. ئەوکات فینلاند بەشێک بوو لە ئیمپراتۆرییەتی رووسیا. هەرچەندە ژنان هەرگیز زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستەوە نەبووە، لەم کاتەدا 47%ی پەرلەمانتاران پێکدێنن.
 
2- فینلاند و ناتۆ
 
لەدوای ‌هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، لە شووباتی 2022دا، فینلاند رێچکەی چەند دەیەی بێلایەنیی شکاند و لە مانگی ئایاری هەمان ساڵدا لەگەڵ سوێدی دراوسێی داواکاریی ئەندامبوونیان لە هاوپەیمانیی ناتۆ پێشکێش کرد.
 
وڵاتەکە، کە 1300 کیلۆمەتری هاوبەشی لەگەڵ رووسیا هەیە، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا بە شێوەیەکی فەرمی ببێتە ئەندامی ناتۆ. رۆژی هەینی، 31ی ئادار، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە تویتێکدا نووسی، "چاوم لەوەیە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، ئاڵای فینلاند لە بنکەی ناتۆ هەڵبدەین. بەیەکەوە بەهێزتر و سەلامەتترین."
 
بەشێکی زۆری فینلاندییەکان، بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بڕوایان وابوو رەخنە نەگرتن لە سیاسەتی رووسیای دراوسێیان باشترین رێگە بووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، سیاسەتێک کە بە "بەفینلاندیکردن" یاخود "فینلاندیزەیشن" ناسراوە.
 
بەر لە جەنگی ئۆکراینا، پاڵپشتیی فینلاندییەکان بۆ ئەندامبوونی وڵاتەکەیان لە ناتۆدا تەنیا 20% بۆ 30% بوو، بەڵام لەدوای ئەوەی جەنگ دەستیپێکرد، رێژەکە بۆ 75% بەرزبووەوە.
 
هەرچەندە دەنگدەران بە بایەخەوە دەڕواننە پرسی ئاسایش و بەرگری، ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆدا نەبووەتە لەمپەر لەبەردەم وڵاتەکە، بەو پێیەی کۆدەنگییەکی سیاسیی فراوان لەسەر ئەو پرسە هەیە.
 
3- دڵخۆشترین وڵاتی جیهان
 
بۆ شەشەم ساڵی لەسەریەک، لە ئەمساڵدا فینلاند لەلایەن تۆمارێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکو دڵخۆشترین وڵاتی جیهان پۆلێن کراوە.
 
وڵاتەکە، کە ژمارەی دانیشتووانی 5.5 ملیۆن کەسە، هەزاران دەریاچە و دارستانی چڕی هەیە و بەهۆی سیستمی خۆشگوزەرانی، متمانەیەکی بەرز بە بەرپرسەکانی و ئاستی نزمی نایەکسانی ناسراوە.
 
لە فینلاند نزیکەی سێ ملیۆن ساونا هەن، واتە ژمارەیان لە ژمارەی ئۆتۆمبێلە تۆمارکراوەکانی ئەو وڵاتە زیاترە. ئەوەش ئاسوودەیی لەو وڵاتەدا دەبەخشێت کە نیوەی ساڵەکەی پلەی گەرمییەکەی دەگاتە ژێر سفری سیلیزییەوە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێکی فینلاندییەکان کاتێک باسی خۆیان دەکەن، باس لە "کەمدوویی و تووشبوون بە خەمۆکی" دەکەن و بە گومانەوە لەو دڵخۆشییەی لە دەرەوە دەبیندرێت دەڕوانن.
 
4- بەرەو راستڕۆچوون
 
چەند رۆژێک بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، راپرسییەکان پێشانیان دا کە پارتی سۆشیال دیموکراتی سانا مارین لە کێبڕکێیەکی نیمچە یەکساندایە لەگەڵ دوو پارتی راستڕۆدا.
 
بەگوێرەی میدیای وڵاتەکە، پارتی هاوپەیمانیی نیشتمانیی راستڕۆی نێوانڕۆ پێشەنگییەکی کەمیان بەسەر سۆشیال دیموکراتەکان و پارتی فینلەندییە پۆپۆلیست و دژە کۆچبەرانەکاندا هەبووە.
 
پارتی سەنتەر، کە یەکێکە لە هاوبەشەکانی هاوپەیمانییەکەی مارین، نیازی خۆی پێشانداوە کە نایەوێت لە قۆناخی داهاتوودا لەژێر هەمان چەتردا بەردەوام بێت.
 
ئەوەش مانای ئەوەیە، دەکرێت وا بخوازێت خانمە سەرۆکوەزیرانەکە رێککەوتن لەگەڵ پارتی هاوپەیمانیی نیشتمانی بکات بۆئەوەی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت. ئەوەش دۆخێکی باوە لە سیاسەتی فینلانددا.
 
لای خۆیەوە، پارتی هاوپەیمانیی نیشتمانی، بژارەی پێکهێنانی حکومەتێکی راستڕۆی لەگەڵ پارتی Finns (فینلاندییەکان) هەیە، ئەوەش هاوشێوەی ئەو حکومەتەی کە هەردوو پارتەکە لە ساڵی 2015 لەگەڵ پارتی سەنتەر پێکیانهێنا.
 
لەو کاتەدا، پارتی فینلاندییەکان لە حکومەتدا تووشی دابەشبوون بوو؛ لە ئەنجامدا، باڵە جیابووەکەی هەڵوەشایەوە، لە کاتێکدا پارتە رەسەنەکە بووە دووەم گەورەترین پارت لە هەڵبژاردنی ساڵی 2019دا.
 
5- پرسی کۆچبەران و قەرزەکان
 
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی فینلاند، زیاتر لە 469 هەزار کەس لە فینلاند دەژین کە کۆچبەرن یان باکگراوندی کۆچبەریان هەیە، کە دەکاتە 8.5%ی کۆی ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە. ساڵی رابردوو زیاتر لە 48 هەزار کۆچبەر چوونەتە فینلاند، ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2021دا، زیاتر لە 36 هەزار کۆچبەر روویان لەو وڵاتەی ئەسکەندەناڤیا کردبوو.
 
هەرچی پارتی هاوپەیمانیی نیشتمانییە، لە دژی سیاسەتی گوشارکردنە لەلایەن پارتی فینلاندییەکانەوە بەرامبەر کۆچبەران. ئەوەش چاوەڕوان دەکرێت هاوپەیمانیی نیشتمانی بەرەو پارتەکەی سانا مارین رابکێشێت.
 
پارتی فینلاندییەکان "بەرزبوونەوەی رێژەی باندی تووندوتیژی لە سوێد" دەخاتە ئۆباڵی لێشاوی کۆچبەران.
 
هاوکات، هاوپەیمانیی نیشتمانی بە بایەخەوە دەڕوانێتە پرسی کۆچبەران لە چارەسەرکردنی کێشەی بەساڵاچوونی دانیشتووان لە فینلاند.
 
مارین جەختی لەوە کردووەتەوە کە رەتیدەکاتەوە حکومەت لەگەڵ پارتی فینلاندییەکان پێکبهێنێت و بە "رەگەزپەرست" ناوی دەبات.
 
هاوپەیمانیی نیشتمانی رەخنە لە حکومەتی مارین دەگرێت بەوەی "بێباکە" بەرامبەر بە خەرجییەکان.
 
کاتێک لە ساڵی 2019دا سانا مارین دەسەڵاتی گرتەدەست، رێژەی قەرز بەپێی کۆی بەرهەمی نێوخۆی فینلاند نزیکەی 64% بوو، بەڵام بەهۆی خەرجییەکانی کۆرۆنا و جەنگی ئۆکراینا، رێژەکە بۆ 73% بەرزبووەتەوە.
 
هاوپەیمانیی نیشتمانی دەیەوێت بە بڕی شيش ملیار یۆرۆ خەرجییەکانی دەوڵەت ببڕێت، ئەوەش لەلایەن پارتە چەپڕۆکان وەکو هەڕەشە بۆ سەر خۆشگوزەرانیی فینلاندییەکان دەبیندرێت.