لە پاکستان 11 کەس بەهۆی پاڵەپەستۆ لە نۆرەی خۆراک گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

لانیکەم 11 کەس لە کاراچی گەورە شاری باشووری پاکستان نەیانتوانی بگەنە بەربانگی رۆژی هەیینی و گیانیان سپارد، دوای ئەوەی لە نۆرەی دابەشکردنی خۆراک و پارە بەبۆنەی مانگی رەمەزان، پاڵەپەستۆ دروستبوو و کارەساتی لێکەوتەوە.
 
لەنێو ئەوانەی لە کارەساتەکەدا گیانیان لەدەستدا شەشیان ئافرەتن و سێ منداڵیش هەن. 
 
هاووڵاتییەکی پاکستانی بەناوی موختار عەلی بەمشێوەیە باسی رووداوەکە دەکات "نزیکەی 600 بۆ 700 کەس لە شوێنێکی بچووک کۆببوونەوە، کە تێیدا خۆراک و پارە دابەشدەکرا. بەسەریەکدا کەوتن و ئەمە روویدا".
 
ئەوانەی لە نۆرەکە وەستابوون، خەڵکی کەمدەرامەت و نەدار بوون، لە وڵاتێک کە هەڵاوسان تێیدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە ساڵی 1965ـەوە.
 
فاتیمە نوور، خوشکی یەکێک لە قوربانییەکان خۆی لە شوێنی رووداوەکە بووە و بەمشێوەیە باسی دەکات "یەکەمجار، دەروازەی سەرەکیان نەکردەوە، تەنیا یەکێکی بچووکیان کردەوە، دوایی کە دەروازەی سەرەکییان کردەوە هەموویان بەیەکەوە خۆیانکردە ژوورەوە".
 
پاکستان لە قەیرانێکی سەختی ئابووری و داراییدایە، بەهای رووپیە دابەزیوە و نرخی خۆراکیش بە رێژەی 50٪ بەرزبووەتەوە.
 
لافاوەکەی ئۆکتۆبەری 2022ـش زیانی 2.3 ملیار دۆلاری لە دەخڵودانی وڵاتەکە دا، پێویستە پاکستان چاکسازی لە کەرتی باج بکات و نرخەکانیش بەرزبکاتەوە تاوەکو بتوانێت بڕی 6.5 ملیار دۆلار قەرز لە سندووقی نەختی نێودەوڵەتی وەربگرێت، ئەمانەش راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر گوزەرانی خەڵک دروستکردووە.