رووسیا.. 54 کەس لە نوقمبوونی کەشتییەک گیانیان لەدەست دا

رووداو - ئاژانسەکان

کەشتییەکی گەورەی ماسیگری لە ئاوی نزیک نیمچە دوورگەی ماچاتکا لە رۆژهەڵاتی رووسیا نوقم بوو و تا ئێستا مردنی ٥٤ سەرنشینی کەشتییەکە، پشتڕاست کراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ناوەندێکی فریاکەوتن لە رۆژهەڵاتی رووسیا، تا ئێستا ٦٣ کەس رزگارکراون، کە زۆربەیان تووشی سەرمابردەیی بوون.

کەشتیی دالنی ڤستۆک، کاتی رووداوەکە هەڵگری ١٣٢ سەرنشین بوو، کە ٧٨ کەسیان رووسی بوون و ئەوانی دیکە خەڵکی وڵاتانی لیتوانی، ئۆکراینیا، میانمار و ڤانواتۆ بوون.

ئەو کەشتییە رووسییە، لە دەریای ئۆخۆتسک لە ٣٣٠ کیلۆمەتریی رۆژئاوای کۆرۆتۆگرۆفسکی نوقم بوو و بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی رووداوە لەناکاوەکانی رووسیا، پێدەچێ کەشتییەکە بەر پارچە سەهۆڵی ناو دەریا کەوتبێ و کونی تێبووبێ.

ئیدارەیەکی خۆجێی رووداوە لەناکاوەکانی رووسیا، رایگەیاندووە" ئاو هاتووەتە ناو ژووری ماتۆڕی کەشتییەکە و کەشتییەکە پاش ١٥ خولەک نوقم بووە".

نزیکەی ٢٤ کەشتی لە کەشوهەوایەکی شەختەبەنداندا، لە هەڵمەتی گەڕان بە دوای رزگاربووانی ئەو کەشتییەدا بەشدارییان کردووە.