ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا راگرتنی فرۆشتنی فڕۆکەی F16 بە تورکیا رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دژی پڕۆژەیاسایەک دەنگی دا، کە بە گوێرەی ناوەڕۆکەکەی داوا لەو وڵاتە کرابوو فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا نەفرۆشێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە 29ـی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە 79 دەنگ بەرامبەر بە 13 دەنگ دژی پڕۆژەیاسایەک وەستایەوە، کە لەلایەن راند پۆڵ، سیناتۆری کۆمارییەکانەوە پێشکەش کرابوو. 
 
پێش ئەوەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساکە دەستپێبکات، پۆڵ رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت و گوتی، ئەگەر رێگە بدرێت ئەمریکا ئەو فڕۆکەیە بە تورکیا بفرۆشێت، ئەوا "رەفتاری خراپی" تورکیا زیاتر دەبێت.
 
رۆژی 26ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، حکومەتی ئەمریکا فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16ـی بە تورکیا پەسندکرد و بڕیاریدا بە بەهای 23 ملیار دۆلار، 40 جۆری ئەو فڕۆکەیە بەو وڵاتە بفرۆشێت. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە تورکیا ئەندامێتی سوێدی لە هاوپەیمانیی ناتۆ پەسند کرد.
 
ئەمریکا چەند ساڵێکە لەگەڵ تورکیا لە هەندێک بواردا کێشەی هەیە و ئەوەش کاریگەری لەسەر پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوانیان هەبووە. 
 
تورکیا لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 داوای لە ئەمریکا کرد، کە 40 فڕۆکەی جۆری ئێف 16 و 80 بۆکسی تایبەت بە نۆژەنکردنەوەی ئەو فڕۆکە ئێف 16انەی کە پێشتر تورکیا کڕیونی، پێ بفرۆشێت.
 
هەرچەندە ئیدارەی بایدن پشتیوانی لە فرۆشتنی فڕۆکەکانی ئەمریکا بە تورکیا کرد، بەڵام ناڕەزایەتی لە کۆنگرێس لەبارەی نزیکبوونەوەی تورکیا و رووسیا، دۆخی مافی مرۆڤ لە تورکیا، ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و دواینیشیان دواخستنی ئەندامێتی سوێد لە ناتۆ وایکرد فرۆشتنی فڕۆکەکان بە تورکیا دوابکەوێت.