سپەیس ئێکس کەشتییەکی بە چوار سەرنشینەوە ناردە بۆشایی ئاسمان

02-03-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
ساتی هەڵدانی کەشتییەکە بۆ بۆشایی ئاسمان. وێنە: AFP
ساتی هەڵدانی کەشتییەکە بۆ بۆشایی ئاسمان. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک، سەرمایەداری ئەمریکی و دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، دوای هەوڵێکی شکستخواردوو، دواجار کەشتییەکەی بەچوار سەرنشینەوە بەرەو بۆشایی ئاسمان کەوتەڕێ.
 
رۆکێتی فالکۆن 9 کە هەڵگری کەپسوولی 'کڕوو دراگۆن' بوو و ناونرابوو بە ئێندێڤۆر یاخود' تێکۆشان'، کاژێر 08:34 خولەکی بەیانی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی هەولێر، لە وێستگەی ئاسمانی کەنەدی لە فلۆریدا بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدرا.
 
کەپسوولەکە چوار کەشتیوانی ئاسمانی هەڵگرتووە، کە دووانیان سەر بە ناسان، یەکێکیان ئیماراتی و ئەوەی دیکەشیان رووسییە.
 
تەلەڤزیۆنی فەرمی ناسا راستەوخۆ ساتی گەشتە گەورەکەی کەشتییە زەبەلاحەکەی بۆ جیهان گواستەوە، کە بەقەد باڵەخانەیەکی 25 نهۆمی بە ستوونی دانرابوو، لەکاتی تەقاندنیدا گڕێکی گەورەی لەدوای خۆیدا بەجێهێشت و بەهێواشی بەرەو ئاسمان بەرزبووەوەوە.
 
چاوەڕواندەکرێت کەپسوولەکە لە ناوچەیەکی دیاریکراوی بۆشایی ئاسمان خێراییەکەی بگاتە 28,164 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، واتا 22 جار خێراتر لە خێرایی دەنگ.
 
هەڵدانی مووشەکەکە 72 کاژێر دوای شکستی یەکەمی دێت کە گەشتەکە لە رۆژی دووشەمەدا لە دوایین خولەکەکانی بەر لە هەڵدانی هەڵوەشێندرایەوە بەهۆی لێچوونی شلە لە یەکێک لە مەکینەکانی لەکاتی هەڵکردنی.
 
گەشتەکە بۆ بۆشایی ئاسمان لە تاقیگەیەک لەنگەر دەگرێت کە 420 کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە. چاوەڕوان دەکرێت گەشتەکە 25 کاژێر بخایەنێ و کاژێر 9:15ـی بەیانی رۆژی هەینی بگاتە شوێنی مەبەست، کەشتیوانەکان بۆ ماوەی شەش مانگ بە مەبەستی گەشتێکی ئاسمانی دەمێننەوە.
 
کەشتیوانەکان کێن؟
 
تاقمە چوار کەسییەکەی ئەم گەشتە لەلایەن ستیفن باون، کەشتیوانی ئاسمانی ناسا سەرپەرشتی دەکرێت، ستیفنی تەمەن 59 ساڵ، کە رۆژگارێک سەربازی هێزی ناڤی ژێردەریایی ئەمریکا بوو، 40 رۆژ لە بۆشایی ئاسمان ماوەتەوە، سێ گەشتی کردووە و حەوت جاریش لە بۆشایی ئاسمان رێی کردووە، کە پێی دەڵێن 'سپەیس واک'.
 
کەشتیوانەکەی دیکەیان وارن هابۆرگە، کە ئەندازیارێک تەمەن 37 ساڵانە و هاوکار فڕۆکەوانی فرۆکەی گەشتیارییە، ئەو یەکەمجاریەتی گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان دەکات.
 
سوڵتان نەیادی تەمەن 42 ساڵی، وەکو یەکەم عەرەب بەناوی ئیماراتەوە پێ دەنێتە بۆشایی ئاسمان. سوڵتان پێشتر لە چاوپێکەوتنێکەدا لەگەڵ رۆژ عەلی زاڵە پەیامنیری رووداو بە شانازی و بە گەشبینییەوە باس لە پلانی گەشتەکەی بۆ بۆشایی ئاسمان کردبوو.
 
دواینیشیان ئاندری فیدیایڤی گەردوونناسیی رووسییە، کە تەمەنی 42 ساڵانە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە کەنار دەریایەکی فەرەنسا دوو وشتر بۆ پاککردنەوەی کەناراوەکە بەکاردێن

وشتر بۆ خاوێنکردنەوەی کەناراوەکانی فەرەنسا بەکاردێت

تیمێکی فەرەنسییە لە کەناری دەریای نێوەڕاست، نزیک لە شاری مارسیلیای باشووری وڵاتەکە؛ بە بەکارهێنانی وشتر، کەناراوەکە لە پلاستیک و پاشماوەکانی دیکە خاوێن دەکەنەوە