دوای پێکدادانی دوو شەمەندەفەر وەزیری گواستنەوەی یۆنان دەستی لەکارکێشایەوە

02-03-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر لە شاری لاریسا لە ناوەڕاستی یۆنان، دەیان کەس بوونە قوربانی. وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی وڵاتەکەش بەوهۆیەوە دەستی لەکارکێشایەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 1ـی ئاداری 2023، کۆستاس کارامانلیس، وەزیری ژێرخان و گواستنەوەی یۆنان رایگەیاند: "هەست دەکەم ئەوە ئەرکی منە کە دەست لەکاربکێشمەوە، وەکو رێزێک بۆ ئەو کەسانەی کە ئازیزانیان لەدەستداوە."
 
کۆستاس کارامانلیس گوتیشی: "ئەوە راستییە کە ئێمە ئەو سیستمی شەمەندەفەرەمان لە حکومەتی پێشتووەوە بۆ ماوەتەوە و لەگەڵ سەدەی 21دا ناگونجێت. ئێمە لە سێ ساڵ و نیوی رابردوودا هەموو هەوڵێکمان داوە کەرتەکە باشتر بکەین، بەڵام وادیارە هەوڵەکانمان بەگوێرەی پێویست نەبووە."
 
کارامانلیس دوای گەڕانەوەی لە شوێنی رووداوەکە ئەم گوتارەی پێشکێشکرد و رایگەیاند کە دەست لەکاردەکێشێتەوە. 
 
شەوی سێشەممە 28-2-2023، لە شاری لاریسا لە ناوەڕاستی یۆنان دوو شەمەندەفەر بە تووندی پێکیاندادا، لە ئەنجامدا لانیکەم 36 کەس گیانیان لەدەستدا و 85 کەسیش بریندار بوون. 
 
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان کە ئاژانسی فەرمیی یۆنان بڵاویکردووەتەوە، پێکدادانەکە لە نێوان شەمەندەفەرێکی بارهەڵگر بووە لەگەڵ شەمەندەفەرێكی گواستنەوەی هاووڵاتییان بە 350 سەرنشینەوە، شەمەندەفەرە بارهەڵگرەکە بە خێراییەکی زۆرەوە لە رێڕەوەکەی خۆی دەرچووە و بەر شەمەندەفەرەکەی دیکە کەوتووە و بووەتە هۆی دەرچوونی سێ ڤارگۆنی شەمەندەفەرە سڤیلەکە.
 
هەردوو شەمەندەفەرەکە لە شاری ئەسینای پایتەختەوە بەرەو شاری سالۆنیکی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات رۆیشتوون و پێکدادانەکان لە نێوەڕاستی رێگەکە روویداوە.
 
بەرگریی شارستانیی یۆنان رایگەیاندووە: "پێکدادانەکە ئاگری لێکەوتووەتەوە و گڕی ئاگرەکە بە چەند ڤارگۆنێكدا تەشەنەی سەندووە و چەندین سەرنشینی سووتاندووە کە برینەکانیان سەختن."
 
پۆلیسی ناوچەکە رایگەیاند: "تیمی باری نائاسایی و فریاکەوتن بە 17 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و 150 پێرسونێل و 20 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنەکە و لە خولەکە سەرەتاکانی پێکدادانەکە کۆنترۆڵی ئاگرەکەیان کردووە." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی دوای لافاوەکەی ئەفغانستان. وێنە: AFP

لە ئەفغانستان بەهۆی زریان و لافاو 35 کەس گیانیان لەدەستدا

بەرپرسانی ئەفغانستان دەڵێن، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لافاو دروستبووە و لانیکەم 35 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکە 230 کەسی دیکەش بریندار بوون.