وەک پەنابەر چووە فینلەندا و ئێستا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەربژێرە


رووداو دیجیتاڵ 

کوردێک لە شاری تورکوی فینلەند خۆی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەربژێرکردووە و دەڵێت، دەیەوێت کار لەسەر هەژاری، کۆچبەران، کەشوهەوا و ژینگە بکات.
 
چیا عەبدوڵڵاپوور ناوی ئەو گەنجەیە کە خۆی بەربژێر کردووە و خەڵکی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو لە کۆتاییەکانی ساڵی 2012 وەک پەنابەر چووەتە ئەو شارەی فینلەند و لە ساڵی 2016ـەوە وڵاتینامەی فینلەندی وەرگرتووە. بە گوتەی خۆی، ئێستا لە شاری تورکو وەک "راوێژکار و یارمەتیدەری پەنابەران کار دەکەم."
 
لەبارەی ئامانجەکانی کارکردنی لە کاتی هەڵبژاردنی، چیا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک دەڵێت، دەیەوێت کەس لەو شارەدا هەست بە تەنیایی و پەراوێزخستن نەکات، هەمووان شارەکە بە هی خۆیان بزانن و دڵیان تێیدا ئۆقرە بگرێت. "دەمەوێت رۆژ بە رۆژ زیاتر تەنگ بە رقوقین و تووندوتیژی و رەگەزپەرەستی هەڵبچندرێت و لێبوردەیی و خۆشەویستی و یەکسانی زیاتر لە ئێستا جێگەی ئەوانە بگرێتەوە".
 
چیا وەک ئەندامێکی "حیزبی سەوزەکان"ـی فینلەند خۆی بەربژێرکردووە بۆ شارەوانیی تورکو، دەڵێت، بۆ ئەوەیە "رۆڵم هەبێت لە گەشەپێدانی زیاتری شار و دەنگی هەموو ئەوانە بم کە خەون و ئامانجی هاوشێوەی منیان هەیە".
 
هەڵبژاردنەکە هەر چوار ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت. ئەمساڵیش لە 18ـی مانگی نیسان دەبێت. دەنگدانی تایبەتیش لە فینلەند لەنێوان 7 - 13ـی نیسان دەبێت.
 
لەبارەی هەڵبژاردنی حیزبی سەوزەکان، چیا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەرچی حیزبە چەپەکانی ئەو وڵاتە ئامانجی هاوبەشیان زۆرن و بەتایبەتی لە بابەتی پەنابەران و نەتەوە ژێردەستەکان خاوەن هەڵوێستن، "بەڵام بۆیە بوومە ئەندامی سەوزەکان لە ساڵی 2018، چونکە سەوزەکان بە پێداگرییەکی زیاترەوە کار لەسەر پرسی ژینگەپارێزی، نەهێشتنی هەژاری و پەروەردە دەکەن."
 
ئەو دەڵێت، بە پێداگرییەکی زیاترەوە کار لەسەر پرسەکانی کۆچبەر و پەنابەران، ژینگە و کەشوهەوا و پرسی هەژاری دەکات. پاڵنەری ئەو کارەیشی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت وەک خۆی باسی دەکات، "منیش وەک کۆچبەر و پەناخواز کۆچم کردووە و وەک پەنابەر لێرە نیشتەجێ بووم هەموو پرۆسەکانی پەسندکرانی داواکاری پەنابەری و فێربوونی زمان و چوونە سەرکارم تێپەڕاندوووە و ئەزموونم کردوون.کەواتە کێشەکانی پەیوەندیدار بە کۆچبەری بە گشتی دەزانم و بە باشی لە بارودۆخی پەنابەران تێدەگەم". 
 
لەبارەی ژینگە و کەشوهەواش ئەو بەربژێرە دەڵێت، وەکو ئەندامێکی حیزبی سەوزەکان و وەک ژینگەدۆستێکیش، هەوڵ دەدات لە شارەوانیی شارەکەدا بڕیارەکانی لە بەرژەوەندیی ژینگەبن، بۆ نموونە: "گرنگیدانی زیاتر بە وزەی خاوێن و پاراستنی دارستانەکان".
 
فینلەندییەکان لە دڵخۆشترینەکانی جیهانن، بەڵام کێشەی هەژاری و کەمدەرامەتی بەرۆکی بەشێک لە فینلەندییەکانی گرتووە، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا. چیا وەکو بەربژێرێک باوەڕی وایە، "نابێت بارگرانیی هەژاریی خێزانەکان جا بە هەر هۆیەکەوە بێت، بکەوێتە سەر شانی منداڵ و خەون و ئاواتەکانیان بکوژێت".