ترەمپ دووبارە داوا دەکات کەنەدا ببێتە ویلایەتێکی ئەمریکا

02-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە داوا دەکات کەنەدا ببێتە ویلایەتی 51ـەمی ئەمریکا، ئەمەش دوای ئەوەی جەنگی ئابووری لەدژی راگەیاند و پێناسی گومرگی بەسەردا سەپاند.
 
رۆژی یەکشەممە، 02-02-2025، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسی: "ئەمریکا بە سەدان ملیار دۆلار پاڵپشتیی دارایی کەنەدا دەکات. بەبێ ئەو پشتگیرییە گەورەیە، کەنەدا ناتوانێت وەک وڵاتێک بمێنێتەوە."
 
ترەمپ هەروەک پێشتریش جارێک گوتبووی، دیسانەوە نووسی: "پێویستە کەنەدا ببێتە ویلایەتی 51ـەمی ئەمریکا."
 
لەبارەی ئەو پێشنیازەی نووسیویەتی: "ئەمە دەبێتە هۆی باجی زۆر کەمتر، پاراستنی باشتری خەڵکی کەنەدا و هەروەها نەهێشتنی پێناسی گومرگی."
 
رۆژی شەممە، 01ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە فەرمانێکی نوێیدا، 25٪ پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا و مەکسیک و 10٪ی پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی چیندا سەپاند. 
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کەنەدا و مەکسیک بەهۆی ئەوەیە، ئەو وڵاتانە هەڕەشەیەکی گەورەیان بۆ ئەمریکا دروست کردووە لەبارەی پرسەکانی کۆچبەری نایاسایی و بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر. 
 
لە بەرامبەردا، جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بڕیاریدا وەکو وەڵامدانەوەی ئەمریکا، پێناسی گومرگی بەڕێژەی 25٪ بخاتە سەر کاڵای ئەمریکی.
 
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، بەشێک لەو پێناسە گومرگییانە، لە رۆژی سێشەممەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەشی دووەمیش لەماوەی 21 رۆژدا جێبەجێ دەکرێن بۆ ئەوەی کۆمپانیا کەنەدییەکان کاتیان هەبێت جێگرەوەی بەرهەم و کاڵای ئەمریکی بدۆزنەوە و دابینی بکەن.
 
قەبارەی ئەو کاڵایانەی کەنەدا پێناسی گومرگیی خستووەتە سەریان، 155 ملیار دۆلاری کەنەدییە، کە دەکاتە 106 ملیار دۆلاری ئەمریکی.
 
رۆژی 08-01-2025 واتا 12 رۆژ پێش ئەوەی سوێندی یاسایی بخوات و ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ نەخشەیەکی نوێی ئەمریکای بڵاوکردەوە، لەو نەخشەیەدا، ترەمپ، کەنەدای دراوسێی وڵاتەکەی بە 51ـەمین ویلایەتی ئەمریکا دانا و لەسەر نەخشەکەش نووسی "ئای کەنەدا!"
 
بەڵام پێش بڵاوکردنەوەی نەخشەکە، ترودۆ، لە ئێکس نووسیبووی "دەرفەتی بوونی کەنەدا بە بەشێک لە ئەمریکا، سفرە."
 
7ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەو هەوڵدەدات گوشاری ئابووری لە کەنەدا بکات تاوەکو ببێتە بەشێک لە خاکی ئەمریکا. سنووری نێوان کەنەدا و ئەمریکای بە "دەستکرد" ناوبرد. 
 
هەروەها لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا، ترەمپ هەڕەشەی کرد 25٪ لە پێناسی گومرگ بخاتە سەر هەر کاڵایەک کە لە کەنەدا و مەکسیکەوە دێتە نێو ئەمریکاوە. 
 
ترەمپ لەبارەی کەنەدا گوتی، وڵاتەکەی بە ملیاران دۆلاری لە پاراستنی سنوورەکانی کەنەدا خەرج کردووە. گوتیشی: "دەبێت ئەوان [کەنەدا] ببێتە ویلایەتێک (ـی ئەمریکا)."
 
ئەورووپا ترسی لێ نیشتووە
 
یەکشەممە 02-02-2025 گوتەبێژێکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند: "یەکێتیی ئەورووپا بە تووندی وەڵامی هەر هاوبەشێکی بازرگانی دەداتەوە، کە بە نادادپەروەری یان هەڕەمەکی پێناسی گومگری بخاتە سەر کاڵاکانی یەکێتیی ئەورووپا."
 
هەمان گوتەبێژ لەبارەی بڕیارەکەی ترەمپ لە دژی سێ وڵاتەکە گوتی: "بەداخەوەین کە ئەمریکا بڕیاریداوە پێناسی گومرگی بخاتە سەر کەنەدا، مەکسیک و چین. ئەم بڕیارە زیان بە هەموو لایەک دەگەیێنێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێرشەکە لەلایەن گرووپی چەکداری سوپای ئازادی بەلووچەوە کراوە. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

بەرپرسێکی باڵای هێڵی شەمەندەفەری پاکستان: ژمارەیەک چەکدار 450 کەسیان بە بارمتە گرت

بەرپرسێکی باڵای هێڵی شەمەندەفەری پاکستان رایگەیاند، لە هەرێمی بەلووچستان ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر شەمەندەفەرێک. دەشڵێت، ئەو چەکدارانە دەستیان بەسەر شەمەندەفەرەکەدا گرتووە و 450 کەسیشیان بە بارمتە گرتووە